رۆژانە نۆ رۆژنامەی جیاوازی پێ دەگات

دواین رۆژنامەفرۆشی خانەقین دەستی لە کارەکەی هەڵنەگرتووە

964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین

شامل دوایین رۆژنامەفرۆشی خانەقینە، ماوەی چەندین ساڵە ئەم کارە لەناو شاری خانەقین دەکات و ناتوانێت دەست لە کارەکەی هەڵبگرێت.

شامل رەفعەت هەمەوەندی لە ساڵی 1967 لە دایکبووە، خۆشەویستی خوێندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و زانست، ئەو کارەی بە دەستییەوە گرێداوە.

ئەو لە دوای ساڵانی 2000 وە دەبێتە خاوەنی کتێبخانەیەک لە بەغدا و دەستدەکات بە خوێندن و کڕین و فرۆشتنی کتێب و رۆژنامە، لە ساڵی 2007 پاش هەڵگیرسانی شەڕی مەزهەبی لە عێراق بەغدا جێدەهێڵێت، روو دەکاتە خانەقین و بەرە بەرە پیشەکەی لە خانەقین بەردەوامی پێ دەدات.

وەکو خۆی باسی دەکات پیشەکەی پارەیەکی زۆر کەمی بۆ پەیدا دەکات، سەرەڕای بە پیادە رۆشتنی بەردەوام و هەندێک جار بەکارهێنانی بایسکیلەکەی، بەڵام بووە بە ئارەزووی.

ئەو لە هەر رۆژنامەیەک کە بە 1000 دینار دەفرۆشێ، قازانجێکی کەم دەکات و بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە خوێنەرانی رۆژنامەش زۆر کەم بوونەتەوە، کە بە دیاریکراوی هەمووی کەسانی گەورە و بە تەمەنن و گەنجیان کەمتر تێدایە.

ئەو رۆژانە لە بەعقوبەوە بۆ ناو خانەقین بە ئۆتۆمبیلێک، نۆ جۆری رۆژنامەی بۆ دێت لەوانە (سەباح، زەمان، دەستوور و زەورا و وەرزشی)، بە گەرموگوڕی هەواڵ و زانیارییەکان دەبات بۆ ئەو فەرمانگە، دامەزراوە و دوکاندارانەی هێشتا رۆژنامە سەرچاوەی گرنگی هەواڵەکانیانە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ئەمنستی رەخنەی توندی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە ...

ئەمنستی رەخنەی توندی هەیە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێم