لەکاتى دروێنە ئاگرى کردەوە
دەڕاسەیەکى تر سڕکرا
964+
وریا فەتاح
بەرگرى شارستانى راپەڕین دەڕاسەیەکى دیکەى سڕکرد کە هیچ مەرجێکى سەلامەتى تێدا نەبوو و ببوە هۆى دروستبوونى ئاگر لە کاتى دروێنە کردن.
عەلى قادر، وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین بە 964ـى وت، ئەمڕۆ لە گوندى تووەسوران ئاگر لە زەوییەکدا کەوتەوە، کاتێک تیمەکانى بنکەى بەرگرى شارستانى سەنگەسەر گەیشتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە دەرکەوت ئەو دەڕاسەیەى دروێنەى لەو شوێنە کردووە بووەتە هۆى دروستبوونى ئاگرەکەز
وەک باسى دەکات، دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە دەڕاسەکە هیچ مەرج و رێنماییەکى بەرگرى شارستانى جێبەجێ نەکردووە.
“لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانى سەنگەسەر دەستبەسەر دەڕاسەکەدا گیراوە و دۆسییەى یاسایى بۆ کراوەتەوە و خاوەنەکەى رووبەڕووى دادگا کراوە”، عەلى قادر واى بە 964 وت.
وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین روونى کردەوە، جارێ دەڕاسەکە دەستى بەسەرداگیراوە و رێگەى پێنادرێت دروێنە بکات تا ئەو کاتەى دادگا بڕیارى لەسەر دەدات کە ئەگەرى بەهێز ئەوەیە پێبژاردنى بۆ بکرێت.
بەرگرى شارستانى راپەڕین بۆ ماوەى دوو رۆژ دەڕاسەیەک سڕ دەکات
هەر دوێنێ، لە سنوورى گوندى قوڕەگۆى سەر بە قەزاى رانیە، بەرگرى شارستانى دەستى بەسەر دەڕاسەیەکدا گرت کە هیچ مەرج و رێنماییەکى بەرگرى شارستانى جێبەجێ نەکردبوو.
بەپێى مەرجەکانى بەرگرى شارستانى، دەبێت دەڕاسەکان کەلوپەلى کوژاندنەوەى ئاگریان پێبێت و لە کاتى دروێنەکردندا تەنکەرى ئاویان لەگەڵ بێت، بۆ ئەوەى لەکاتى دروستبوونى ئاگر بتوانن کۆنترۆڵى بکەن.