چاوەڕێی وەڵامن
کۆمیسیۆنی عێراق بۆ 964: داوامان لە هەرێم کردووە مانگی ئەیلوول هەڵبژاردن بکەن
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوێک پێشنیاری بۆ حکومەتی هەرێم کردووە سەرەتای مانگی ئەیلوول بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی بکەن.
نووسراوەکەی کۆمیسیۆن ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و داوای کردووە، رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئەیلوول وەک وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن.
عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنەکە بە 964ـی راگەیاند، ئەو نووسراوە نێردراوە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم و وەک پێشنیار ئەو رۆژە دیاری کراوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ درێژ کرایەوە و کۆمیسیۆنەکەش دەیەوێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن وتیشی، “چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەین دەربارەی ئەو کاتەی دیاریمان کردووە”.