بەرهەم ببەنە سایلۆ

سوپای عێراق رێگری لە جوتیارانی کورد دەکات

964+

كاروان ساڵحی-كەركوك

سوپای عێراق رێگری دەكات لە گەیاندنی بەرهەمی جوتیارانی كوردی چەند ناحیەیەکی کەرکوک بۆ سایلۆ، تا ئێستا دەست بەسەر نۆ بارهەڵگری پڕ لە گەنمی جوتیارانی ناوچەکەدا گیراوە.

ماوەی چەند رۆژێكە جوتیارانی كوردی ناحیەی شوان، پردێ و قەرەهەنجیر لە لایەن سوپای عێراقەوە رێگریان لێ دەكرێت لە گەیاندنی بەرهەمەكانیان بە سایلۆی كەركوك، بە هۆكاری ئەوەی بەشێك لە زەوییەكانی ئەو جوتیارانە دەكەوێتە ناوچەی بۆشاییەوە یاخود ناوچەی 140 وە هەر بۆیە لە بازگەكانی كەركوك، لە لایەن سوپاوە رێگریان لێ دەكرێت، تا ئێستا پێنج جوتیاری كورد دەستگیركراوە.

دلێر عەبدولباقی، جوتیارێكی گوندی گۆگجە بە 964ـی وت ، “تا ئێستا پێنج ئۆتۆمبێل بە بارەوە لە گوندی حەسار و چوار ئۆتۆمبێل لە گوندی سەقزلی دەستی بەسەردا گیراوە، شۆفێرمان هەیە لێدانی خواردووە”.

وتیشی، “سەرجەم سایلۆكان دەكەوێـتە خوارووی كەركوك هیچ سایلۆیەك لە باكوری كەركوك نیە”.

جوتیار عوسمان ئەحمەد بە 964ـی وت ، هەمەڕی سەربازی سوپای عێراق، بەسەر شەقامەكانی حەسار، سەقزلی و دارەمان دەسورێتەوە بۆ گرتنی ئۆتۆمبێلی جوتیاران.

زوهێر عەلی بەرێوەبەری كشتوكاڵێ‌ كەركوك بە 964ـی وت، كێشەكەیان دەكەوێتە دەرەوەی سنوری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، لە گەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، لایەنە ئەمنییەکان و بازگەكان قسەمان كردووە بۆ ئەوەی هاوكاری بكرێن.

وتیشی.” هۆبەی كشتوكاڵی ناحیەكانمان ئاگادار كردۆتەوە لە سبەی چوارشەممەوە نوسراویان بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی لە بازگەكان كێشەیان بۆ دروست نەبێـت”.

بە پێی زانیارییەکانی 964، بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە کەرکوک دەگاتە 500 هەزار تۆن، تەنیا لە سێ ناحیەکەی قەرەهەنجیر، پردێ و شوان، زیاترلە 100 هەزار تۆن دەبیت.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین

لەسەر کێڵانی زەوی گرژی کەوتە نێوان جوتیارانی کورد و عە...

لەسەر کێڵانی زەوی گرژی کەوتە نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب لە سنووری خورماتوو