چاوەڕێی دیاریکردنی وادەی نوێن
کۆمسیۆن: تەنیا کارەکانی چاپکردنی فۆڕمی دەنگدان ماون
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەندامێکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن کۆتایی تەواو ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراکرد و وتی،”تەنیا چاپکردنی فۆڕمی دەنگدان ماوە”.
درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمیسیۆن تا سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو لەلایەن پەرلەمانەوە، دەرفەتی رەخساندووە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
بەشداریکردنی قەوارە و لیستی نوێ دەرفەتیان پێ دراوەتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.5.2024، حەسەن هادی، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە، “تانەكەی دادگای فیدراڵی لە بڕگەی دووەم لە سیستمی تۆماركردن، رێگە خۆشدەكات بۆ بەشداریكردنی قەوارە و لیستی نوێ لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان”.
ئەوەشی وتووە، “هەروەک تەواوی ئامادەكارییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن تەواوكراوە، تەنیا چاپكردنی فۆڕمی دەنگدان ماوە، لە كاتی دیاریكردنی وادەیەكی نوێ”.
تۆماری بایۆمەتری لە بری بانگەشە دەستیپێکردووەتەوە
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوە، ئەم کۆمسیۆنە ئەرکی سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستانی پێ راسپێردراوە.
رۆژی 10.6.2024 وادەی پەسەندکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئەم وادە نافەڕمی باس لە دواخستنی دەکرێ، بەو پێیەی لایەنەکان لە بانگەشە گەرم نین و کۆمسیۆنیش دووبارە تۆماری بایۆمەتری دەستپێکردووەتەوە، بەوەش چاوەڕوانکراوە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.