سیتی سکانە هۆڵەندییەکەی گەرمیان چینی دەرچوو
964+
هونەر فارس- گەرمیان
ئامێرێکی سیتی سکان بۆ نەخۆشخانەی فریکەوتنی شەهید هەژار بە نرخی هۆڵەندی کڕدراوە، دەنگۆی ئەوە هەیە ئامێرەکە چینی بێت، هەرچەندە تەندروستیی گەرمیان دەڵێت “ئۆرجیناڵە”.
دوای ئەوەی لە مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی یەک ملیار دینار، ئامێرێکی سیتی سکان، گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بڕیار بوو ئامێرەکە پێش سەری ساڵی 2022 بکەوێتە کار، بەڵام بەهۆی دەنگۆی ئەوەی کە ئامێرەکە چینی دەرچووە، تا ئێستاش ئیشی پێنەکراوە و لیژنەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی ئامێرەکە پێکهێندراوە.
ئامێرەکە لەسەر بوودجەی ساڵی 2021ـی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان کڕدراوە و کۆمپانیای فلیکسی هۆڵەندی هەستاوە بە دروستکردنی.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلارەوە بە 964+ـی ڕاگەیاند: ئامێرەکە لێی نوسراوە made in china واتە لە چین دروستکراوە.
ڕزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار ئاماژەی بەوەدا، دەرەوەی ئامێرەکە پارچەکانی چینییە و لە ناوەوە پارچەی ئەڵمانی و ئیسڕائیلییە و کۆمپانیاکە خۆی وا دروستیکردووە.
بۆ سۆراغی زیاتر، 964+ پەیوەندیی بە سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیانەوە کرد و وتی: لەسەر ئەو دەنگۆیانە لیژنەیەکمان پێکهێناوە و کۆمپانیاکە بانگکراوە.
دەشڵێت؛ ئامێرەکە هەمان ئەو ئامێرەیە کە لە گرێبەستەکەدا داوا کراوە و ئۆرجیناڵە و هیچ کێشەیەکی نییە.
ئامێری سیتی سکان، یەکێک لە ئامێرە گرنگەکانی کەرتی تەندروستییە و لە ڕێگەی ئەو ئامێرەوە چەندین نەخۆشیی کوشندە و رووداوی کوتوپر دەستنیشان دەکرێت.