لەسەر نەورەسەکان چی نوێ هەیە؟

کێڵگەکانی راپەڕین ئاگادار کرانەوە و ئاژەڵەکانیش دەشۆردرێن

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.5.2024 بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری راپەڕین، کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی راگەیاند لە پێناو رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی هەردووو نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە و تای خوێنبەربوون.

ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ، ئەنجامی ئەو پشکنینانە دەرچوون کە بۆ نەورەسەکانی سنوری دەڤەری راپەڕین و دەریاچەی دوکان کرابوون و دەرکەوت کە نەخۆشییەکە ئەنفلۆزای باڵندەیە، لە هەمان کاتدا دوو حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران.

لە راپەڕین کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاگادار کراونەتەوە

دکتۆر، سەعدی تەیب بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری راپەڕین، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “دوای راگەیاندنی ئەنجامی پشکنینەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە، بڕیارماندا رێکاری چڕتر بگرینەبەر لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە، دوای کۆکردنەوە و ژێرخاک کردنی نەورەسە مردار بووەوەکان و قەدەغەکردنی سەردانی هاوڵاتییان بۆ دورگەی نەورەسەکان، کێڵگە پەلەوەرییەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە کە نەهێڵن هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتی لە شوێنی نزیک کێڵگەکانیان بکرێت”.

ڤێتێرنەری راپەڕین داواشیکردووە، راستەوخۆ هۆبەی ڤێتێرنەرییەکانی ئەوان ئاگادار بکەنەوە، ئەگەر هاتوو هەر حاڵەتێکی گوماناوییان بینی، بۆ ئەوەی بەهانایەنەوە بچن و نموونە بۆ پشکنین وەربگرن.

بە قسەی سەعدی تەیب، “ئێستا کەشی هەرێمی کوردستان، لە وەرزی هەبوون و گەشەی گەنە دایە، تای خوێنبەربوون کە یەکێکە لە نەخۆشییە هاوبەشەکان نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ ئەو گەنەیە هۆکارەکەیەتی، بڕیارمان وایە لە هەفتەی داهاتووەوە، هەڵمەتێک دەستپێبکەین، بە رشاندنی ئاژەڵەکان و شۆردنەوەیان و کوتانیان بە دەرزی دژە گەنە”.

نەورەسەکان لەگەڵ مرۆڤ تێکەڵ نەبوون

قسەکان لەسەر مرداربووبونەوەی بە کۆمەڵی نەورەسەکان کۆتاییان نایە، دەربارەی هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری راپەڕین وتی، “بەهۆی ئەوەی نەورەسەکان باڵندەی کۆچەرین و ساڵانە کۆچ دەکەن، دەکرێ لە وڵاتێکی ترەوە نەخۆشییەکەیان هەڵگرتبێت و لەناویان بڵاو بووبێتەوە”.

ئەوەشی ئاشکراکرد،”بەهۆی ئەوەی نەورەسەکان بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەی خۆراک پشت بە زیندەوەری ئاوی دەبەستن و نایەنە وشکانی و ئەو شوێنانەی مرۆڤی لێیە و بەرکەوتنیان کەمتر هەبووە لەگەڵ باڵندەکانی تر، بۆیە تەنیا لەناو خۆیاندا بڵاوبووەتەوە و نەگوازراوەتەوە بۆ پەلەوەر و مرۆڤ”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کوردستان تۆم...

دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کوردستان تۆمار کراوە

دەردی مرداربوونەوەی نەورەسەکان ئاشکرا بوو

دەردی مرداربوونەوەی نەورەسەکان ئاشکرا بوو