بەقاڵەکان چوونە بازاڕە نوێیەکە

بازاڕی نوێی میوەفرۆشەکان لە پێنجوێن کرایەوە

964+

کامیار کەمال –  پێنجوێن

دوای هەشت ساڵ لە تەواوبوونی، بازاڕی نوێی میوە فرۆشان لە پێنجوێن کرایەوە و بەقاڵەکان جێگا کۆنەکەیان جێهێشت کە لەسەر شەقامێکی گشتی بوون.

بەهۆی چەند کێشەیەکەوە میوەفرۆشەکان نەدەچوونە ئەو جێگایەیی شارەوانی بۆی ئامادەکردبوون.

سەروەر کەریم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی پێنجوێن بە 964ی  راگەیاند، هەفتەی رابردوو سەردانی میوە و سەوزە فرۆشەکانمان کرد و داوامان کرد لەسەر شەقامە گشتییەکان لابچن و بچنە ئەو جێگایەی تەرخان کراوە بۆیان و ئەوانیش هاتوون بەدەم داواکەیانەوە.

وتیشی، سەوزە و میوەفرۆشەکان چەند کێشەیەکیان لەگەڵ جێگاکەدا هەبووە وەک و نەبوونی ئاوەڕۆ و پیسی جێگاکە کە شیاو نەبووە بۆ  سەوزە و میوەفرۆشتن تیایدا و ئەوانیش وەک لیژنەی هاوبەشی قایمقامییەت داواکارییەکانیان جێبەجێ کردووە.

ئەوەشی خستەروو، لە ئێستادا جێگاکە جادەکەی تەخت و رێک کراوە و دووجار لەلایەن شارەوانی جێگاکەیان بۆ شۆردراوە و ئاوەڕۆکەشیان بۆ کراوە و تەنها ئیشی چەند کاتژمێرێکی ماوە.

هاوکات عیزەت حەمە ئەمین، کە یەکێکە لە سەوزە فرۆشەکانی ئەو بازاڕە، بە 964ی راگەیاند، ئەگەر لیژنەکان نەهێڵن کەس بچێتەوە سەر شەقامی گشتی و هەموو میوەفرۆش و سەوزە فرۆشەکان لێرە بمێننەوە ئەوا کەس کێشەی لەگەڵ ئەم جێگەدا نییە.

باسی لەوەشکرد، “ئەم جێگایە سەد قات لە جێگا کۆنەکەمان باشترە چونکە کەپری تایبەتیان بۆ کراوە و شوێنێکی گەورە و گونجاوە و جێگای پیکابەکانیشیان جیا کردوەتەوە، ئیتر رزقیش لای خوایە”.

پێداچوونەوە: هاوبەش

لە پێنجوێن کەپر بۆ 35 عەلوە دروست دەکرێت

لە پێنجوێن کەپر بۆ 35 عەلوە دروست دەکرێت