ئەمرۆ جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە ئەڵمانیا یەکلا دەبێتەوە
964+
توانا نەقی – هەولێر
لەسەر ئەو داوایەی دوو ساڵ پێش ئێستا ئاراستەیان کرابوو، پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیار لە بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دەدات.
بڕیارە کاتژمێر 11:40 خولەکی ئەمڕۆ بە کاتی ئەڵمانیا، پەرلەمانی ئەڵمانیا پرسی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دەخاتە دەنگدان.
گوهدار قایدی، بەرپرسی نوسینگەی ئێزیدییەکان لە ئەڵمانیا بە 964+ـی راگەیاند: ئەو دەنگدانەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەڵمانیا پەیوەندارە بە داواکارییەکی ساڵی 2021 کە پێشکەشمان کردووە، دوای دوو ساڵ لە گفتوگۆ لەناو لیژنەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئێستا گەیشتووە بە قۆناغی کۆتایی، واتە دەنگدان بە پەسندکردن یان رەتکردنەوە.
+964 دەزانێت، پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی 40 خولەکی تەرخان کردووە بۆ پرسی دەنگدان لەسەر ئەو دۆسیەیە.
“ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان بە جینۆساید دەناسرێت و زۆرینەی پەرلەمانتارەکانی پارتە جیاوازەکان دەنگ بە بەڵی دەدەن”. گوهدار قائیدی، وادەڵێت”.
ئامانج نێرەویی، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی ئەڵمانی کوردی بە 964+ی راگەیاند: هەریەک لە پارتی سەوز، پارتی چەپەکان، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی کریستیان دیموکرات، بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ دەنگ دەدەن بە جینوساید ناسانی کۆمەڵکوژیەکە”
لە هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکەن لە شنگال لە ساڵی 2014 ئێزیدییەکان، زیاتر لە شەش هەزار کەس رفێندران و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسیان گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن، هەروەها چەندین خێزان ئاوارە بوون.