گرافیکی 964
حکومەتى هەرێم جارێ هیچ ناڵێت
سێ موچەکەى ساڵى رابردوو لاى هەولێرە یان بەغدا؟
964+
وریا فەتاح
ئەو سێ موچەیەى ساڵى 2023 کە فەرمانبەرانى هەرێم وەریان نەگرتووە لە تایبەتمەندى دادگاى فیدرالیدا نییە، وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت: جارێ هیچ ناڵێین، ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانیش دەیخاتە ئەستۆى هەرێم.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئهمڕۆ سێشهممه لە بارەی چارهنووسی سێ موچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا و رایگەیاند، بابەتەكه لە تایبەتمەندییهكانی دادگەكهدا نییە.
فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2023 دا، لە کۆى 12 موچە تەنیا 9 موچەیان وەرگرت، حکومەتى هەرێم و وەزارەتى داراییەکەى رایانگەیاند، چارەنووسى ئەو سێ موچەیەى دابەش نەکراوە، لە ئەستۆى حکومەتى عێراقییە.
لەسەر ئەو بابەتە، پێشەوا هەورامانى وتەبێژى حکومەتى هەرێم بە 964ـى وت،”جارێ هیچمان نییە”.
بە حیسابى حکومەتى هەرێم، سێ موچەکە هى مانگەکانى 10 و 11 و 12ـى ساڵى 2023ن.
964 لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ دارا سێکانیانى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران گفتوگۆى کرد، ئەو باسى لەوەکرد، پێشتر وتویەتى کە ئەوە لە تایبەتمەندى دادگاى فیدڕالیدا نییە.
964 لێى پرسى، ئەگەر ئەوە لە تایبەتمەندى دادگاکە نییە، بۆچى لە ماوەى رابردوو لە بارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە بڕیاری دا کە دەبێت فەرمانبەرانى هەرێم هاوشێوەى عێراق موچە وەربگرن؟ وەڵامى دارا سێکانیانى ئەوە بوو،”پرسى نەدانى موچە بە یەکجار بە فەرمانبەرانى هەرێم یان پارێزگایەک بابەتێکى گرنگە و لە تایبەتمەندى ئەو دادگایەیە، بەڵام کێشە و گرفتى موچەى چەند مانگێک کێشەیەکى ئیدارییە، بەڵام نەدانى موچە بە یەکجارى پێشێلکردنى حەق و مافە و لەو کاتەدا داگاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر دەدات”.
ئەو باسى لەوەکرد، بۆ سکاڵا خستنە بەردەم دادگاى فیدڕاڵى پێویستە ورد بیت، چونکە ئەو پێى وایە دەبێت سکاڵاکار بزانێت چ شتێک دەکەوێتە سنورى تایبەتمەندى ئەو دادگایە و چ شتێکیش نا.
ئێستا ئەو سێ موچەیەى ماوەتەوە لاى هەرێمە یان بەغدا؟، ئەمە پرسیارى گەوهەرى 964 بوو.
“تا 25.3.2023، حکومەتى هەرێم نەوتى خۆى دەفرۆشت و سەربەخۆیى دارایى هەبوو، دواى ئەوە رێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەرێم کرا، بەغدا بەشێوەى قەرز و سولفە هەموو مانگێک پارەى دەنارد، لە کۆتاییەکانى ئەو ساڵەدا هەڵە نەبم سێ 700 ملیاردینارى بەشێوەى نەفەقاتى فیعلى نارد، بەڵام هەرێم موچەى مانگەکانى 7 و 8 و 9ـى پێدا، بۆیە حکومەتى عێراق دەڵێت، بەشێوەى نەفەقاتى فیعلى سەرجەم شایستە داراییەکانى هەرێمى ناردووە، هەرێمیش دەڵێت نا”. وەڵامى دارا سێکانیانى ئەوە بوو.
جەختیش دەکاتەوە، موچەکە هەرچەندێک و هى هەر مانگێک بێت لاى حکومەتى هەرێمە و فەرمانبەرانى هەرێم کارمەندى هەرێمن نەک بەغدا، حکومەتى هەرێمیش تا 25ـى 3ى ساڵى پار نەوتى خۆى فرۆشتووە و داهاتى خۆى هەبووە لەدواى ئەوەوە هەرچى لەسەر بەغدا بێت ئەوەیان شتێکى ترە، بەڵام بەغدا ناردویەتى”.
رونی کردەوە، ئەگەر موچەى ئەو سێ مانگەى ساڵى 2023 لەلایەن دادگاى فیدڕاڵییەوە بڕیارى لێ بدرایە، ئەى ئەو موچانەى دیکە چى کە لە ساڵانى رابردوو نەدراون یان پاشەکەوت کراون.
بەپێى سۆراغێکى 964 کە لە 23.3.2024 کراوە، لە 15 مانگى رابردووى پێش مانگى ئازارى ئەمساڵ، موچەخۆرانى هەرێم تەنیا 10 موچەیان وەرگرتووە.
وەزارەتى دارایى هەرێم بەم شێوەیە موچەى مانگەکانى 2023 و 2024ـى داوە.
رۆژى 6.2.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى یەکى 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 8.3.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى دووى 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 6.4.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى سێ 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 14.5.202، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى چوارى 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 18.6.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى پێنجى 2023ـى راگەیاند.
لە مانگى حەوتى 2023دا، هیچ لیستێکى موچە رانەگەیەنراوە.
رۆژى 3.8.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى شەش 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 23.9.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى حەوت 2023ـى راگەیاند.
لە مانگى 10ـى 2023دا، هیچ لیستێکى موچە رانەگەیەنراوە.
رۆژى 4.11.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى هەشتى 2023ـى راگەیاند.
رۆژى 13.12.2023، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى نۆى 2023ـى راگەیاند.
لە مانگى 1ـى 2024دا، هیچ لیستێکى موچە رانەگەیەنراوە.
رۆژى 2.2.2024، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى یەکى 2024ـى راگەیاند.
رۆژى 30.3.2024، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى دووى 2024ـى راگەیاند.
رۆژى 30.4.2024، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى سێى 2024ـى راگەیاند.
رۆژى 15.5.2024، وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى چوارى 2024ـى راگەیاند.