سەردانەکەی زۆری نەمابوو
هێلیکۆپتەرەکە نەیهێشت سەرۆکی ئێران بگاتە هەولێر
964+
ژووری ههواڵ
قسەیەک هەبوو ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی بەغدا و هەولێر بکات، بەڵام ئەمڕۆ کۆپتەرەکەی کەوتە خوارەوە و تائێستا هیچ لە بارەی چارەنووسییەوە نازاندرێت.
رۆژی 5ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کرد، لەوێ لەگەڵ عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و رەئیسی رۆژی شەشی مانگ بوو، لەوێ بە فەرمی بانگهێشتی رەئیسی کردبوو بۆ ئەوەی بێتە هەولێر.
ئیبراهیم رەئیسی: ئەو کارەی ئیسرائیل بێ وەڵام تێناپەڕێت
هیچ شتێکی فەرمی لەلایەنی ئێرانییەوە نەبوو، بەڵام ماوەیەکە میدیا عێراقییەکان دەڵێن رەئیسی کۆتایی مانگی پێنج یان سەرەتای مانگی شەش دێتە عێراق، یەکەمجار دەچێتە بەغدا، پاشان لەوێوە بۆ هەولێر.
ئەگەر سەردانەکەی رەئیسی سەری بگرتایە دەبووو یەکەم سەردانی ئەم سەرۆکەی ئێران بۆ عێراق لەو کاتەوەی لە ساڵی 2021 پۆستەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ دوای سەردانەکەی بۆ پارێزگای تەورێز کۆپتەرەکەی کەوتە خوارەوە و هێشتا نازاندرێت ماوە یان مردووە.
ماوەیەکی زۆر بوو نێوانی تاران و هەولێر باش نەبوو، بە تایبەتی کە چەند جارێک ئێران گورزی لە هەولێر وەشاند، لە هەرە دیارەکانی ئەمساڵ ئەوەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بوو لە رۆژی 15.01.2024 کە تیایدا پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی و دوو کەسی تر گیانیان بەخشی.