تا ئێستا نییە

داوای دروستکردنی هێڵی هاتوچۆی نێوان هەڵەبجە – کەلار دەکرێت

964+

عومەر فەتاح ـ هەڵەبجە

بۆیەکەمجار شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تایبەت هەوڵی دروستکردنی هێڵی تایبەتی هاتوچۆی نێوان هەڵەبجە ـ گەرمیان دەدات، بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەڵەبجەش دەڵێت تائێستا بە فەرمی و بە شێوەی یاسایی هیچ کەسێک سەردانی نەکردوون بۆ دانانی ئەو هێڵە.

چەند رۆژێکە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە شۆفێرێکی دانیشتووی هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو بەمەستی کارئاسانی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەوام و کاریان لە ئیدارەی گەرمیان و ناوچەی گەرمەسێرە داوای دروستکردنی ئەو هێڵە دەکات.

عەبدوڵا ئەحمەد ئەو شۆفێرەی راگەیەندراوەکەی بڵاوکردوەتەوە بە 964ی وت”رۆژانە هاتوچۆی کەلار دەکەم، تەنیا ویستومە کارئاسانی بکرێت، ئەگەر هێڵەکەش دروست بکرێت، من ناچمە ناوی و باخەڵکی دیکە سوودمەند بن، ئێستاش ئەگەر هاتوچۆ بە خەڵک بکەم ئەوانەی هەژارن، هیچ بڕە پارەیەکیان لێ وەرناگرم”.

ئەو شۆفێرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات رۆژانە لە کاتژمێر 6:00ی بەیانییەوە لە هەڵەبجە بەرەو کەلار تا سموود دەچێت و لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە.

ئێستا هیچ هێڵێکی راستەوخۆی هاتوچۆی پاس و تاکسی لە نێوان پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان نییە، ئەو هاوڵاتییانەی بیانەوێت بچنە کەلار دەبێت بچنە هێڵی سەیدسادق یان قەزای شارەزوور.

رێبین مەحمود، لێپرسراوی هۆبەی گواستنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی هەڵەبجە ئەوە دەخاتەڕوو تا ئێستا هیچ کەسێک بە فەرمی سەردانی نەکردوون و ئەو کارەی شۆفێرەکەش هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.

رێبین مەحمود بە 964ی وت، “ئەگەر ئەو هێڵە بکرێتەوە پێویستە بە پێی بڕیار و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بێت و مۆڵەتی لە چەند شوێنێک بۆ وەربگیرێت و بانگەوازی بۆ بکرێت هەرکەس ئارەزوومەند بێت، ئەوکات دەتوانێت بەشداریی بکات و ژمارەی هێڵەکە و جۆری ئۆتۆمبێلەکانیش دیاریی دەکرێت”.

پێداچوونەوە: هاوبەش

هاتوچۆی گەرمیان دەیەوێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بگەیەنێتە ر...

هاتوچۆی گەرمیان دەیەوێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵ بگەیەنێتە رێگاکانی دەرەوەی شار