''دەڵێی هۆتێلی پێنج ئەستێرەیە''

لە هەولێر خانەیەکی گەورەی بەساڵاچووان کرایەوە

964+

ژووری هەواڵ

خانەیەکی بەساڵاچوانی مۆدێرنە، هەرچی ئەوەی پێویست بێت و دڵ بیخوازێت تێیدایە، هەندێک لەوانەی بینیویانە دەڵێن رێک ”وەک هۆتێلی پێنج ئەستێرەیە”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خانەکەی کردەوە، بە پێی ئەو ڤیدیۆو وێنانەی لە بەشی چالاکییە میدیاییەکانی حکومەتی هەرێم خراوەتە بەر دەست میدیاکاران، دەردەکەوێت جێگەکە زۆر تازەو مۆدێرنە، شوێنی خەوو حەوانەوەی بەساڵاچووەکان زۆر تایبەتە و کافتریاو شونێ پیاسەکردن و باخچەیەکی گەورەو باشی تێدایە، هۆڵێکی تایبەتیش هەیە بۆ وەرزشکردن و راهێنانی جەستەیی.

سەنتەرەکە شێخ باز بەرزنجی سەرۆکی گروپی کۆمپانیاکانی کار دروستی کردووەو هەر ناوی ئەویشی هەڵگرتووە (سەنتەری شێخ باز بەرزنجی بۆ چاودێری بەساڵاچوان).

شێخ باز لە تەنیشت سەرۆکی حکومەتەوە بوو یەک یەک باسی بەشەکانی خانەکەی بۆ دەکرد، کوێستان محەمەد وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەوێ بوون.

دواتر مەسرور بارزانی ئەو بەساڵاچوانەی بینی کە لە خانەکە ماونەتەوە، لەنێوان ژن و پیاوێکدا دانیشت و وتی ”داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و لە هەموو بنەماڵەکان دەکەم ئەو کەلتورە جوانەی لە کوردستان هەیە بۆ رێزگرتنی بەساڵاچوان بیپارێزن، ئەوەی بە هەر هۆکارێکیش بێت کە نەتوانێت یان کەسی نییە، یاخود زروفەکەی وایە کە ناتوانێت لە ماڵەوە بمێنێتەوە، لە خوا بەزیاد بێت ئەم جۆرە جێگایانە دروستکراون”.

سەرۆکی حکومەت رووی لە شێخ باز کردو وتی ”ئەمە یەکێکە لەو کارە باشانەی جەنابی شێخ باز دەیکات بۆ کوردستان و بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەولێری پایتەخت، دەستخۆشی لە جەنابی شێخ دەکەم بۆ ئەم کارە باشانەی دەیکات، سوپاسی پارێزگاریش دەکەم و سوپاسێکی تایبەتی کوێستان خان دەکەم[وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی]”.