دەیەوێت بەرهەمی وێنە و ڤیدیۆی زیاد بکات
فەیسبووک رێگە لە کەناڵە هەواڵییەکان دەگرێت
+964
عادل کانەبی
لە چەند مانگی رابردوو سەردانیکەرانی وێبسایتە هەواڵییەکان لە فەیسبووکەوە کەمیکردووە بە رادەیەک ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵانی رابردوو لە سەروو%50 کەمیکردووە.
لە سەرەتای دروستبوونی فەیسبووک تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی، دەرچەیەکی بەهێز بوو بۆ کەناڵە هەواڵییەکان کە لە رێگەیەوە رێکلام بۆ ماڵپەر و هەواڵەکانیان بکەن بە دانانی لینک و بڵاوکردنەوەیان.
بە گوێرەی راپۆرتێکی Chartbeat و Similarweb دەرکەوتووە کە سەردانیکەرانی ماڵپەڕە هەواڵییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە %58 کەمیکردووە، ئەمەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە فەیسبووک چیتر رێگە نادات لینکی ئەو ماڵپەڕانە ببیندرێت کە لە دەرەوەی فەیسبووکن.
ئەم هەنگاوەی فەیسبووک دوای ئەوە دێت لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو کۆتایی هێنا بە خزمەتگوزاری فەیسبووک نیوز، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بابەتی سیاسی و دەرفەتدانی زیاتر بە وێنە و ڤیدیۆ و ئەو بابەتانەی کە سیاسی نین.
ساڵانە فەیسبووک ئەلگۆریتمەکانی دەستکاری دەکات و هەر جارە بە جۆرێک دایان دەرێژێتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا لە دوای بەهێزبوونی پێگەی تیکتۆک لە ناو خەڵکی، کۆمپانیای مێتا ئەلگۆریتمەکای بە جۆرێک دارشتەوە کە پاڵپشتی بەرهەمە ڤیدیۆ کورتەکان بکات و بیانخاتە بەرچاوی بەکارهێنەرەکانەوە.
لە ساڵی 2021 مارک زۆکەبێرگ خاوەنی کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، ئێستا خەڵک نایانەوێت شەڕی سیاسی ببینن و تاقەتیان لێی نەماوە، هەر بۆیە ئیستا پەلی هاوێشتووە بۆ گۆڕینی سیاسەتی فەیسبووک.
پلاتفۆڕمی فەیسبووک لە لایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارییەتی دەکرێت و لە ساڵی 2004وە دامەزراوە لە لایەن مارک زۆکەبێرگەوە.