"ئەمشەو لێرە دەمێنینەوە"
ژن و پیاوانی کۆیە بۆ رێگری لە بارهەڵگرەکان گردبوونەتەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
پاش ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی نیشتەجێی کۆیە رێگەی هاتوچۆ- یان بە رووی بارهەڵگرەکاندا داخست کە رێگەی قەزاکە بەکاردەهێنن بۆ چوونە هەولێر، ئەمشەویش لە بازگەی تۆپزاوا گردبوونەتەوە و بڕیاریانداوە شەویش بمێننەوە، ناهێڵن هیچ بارهەڵگرێک بەو رێگەیەدا بڕوات.
ئارام بەهرام، کە بەشداربوویەکی گردبوونەوەکەیە، بە 964ی وت، ئەو رێگەیە بۆ ئێمە یادگارییەکی زۆر ناخۆشی هەیە، لەو چەند ساڵەی رابردوو چەند کەسێکی نزیکی خۆم لەو رێگەیەدا، گیانیان لەدەستداوە، ئێمە لێرە دەمێنینەوە ناهێڵین هیچ بارهەڵگرێک لێرەوە بڕوات و شەویش هەر لێرە دەبین.
دوای ئەو رووداوە هاتوچۆیەی رۆژی دووشەممە روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا، نیگەرانییەکان بەرچاوتر بوون، پێیان وایە، ئەو رێژە زۆرەی بارهەڵگرەکان مەترسی گەورە لەسەر ژیانی تاکی هاوڵاتییانی شاری کۆیە و دەوروبەری دروست دەکات.
وا بڕیارە گردبوونەوەکە بەردەوام بێت و شەویش لە هەمان شوێن بمێننەوە و رێگری بکەن لە هاتنی بارهەڵگرەکان بەو رێگەیەدا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا