“خۆپێشاندانەكانی ئێران كاریگەرییان لەسەر كوردستان هەیە”
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
دوو توێژەری ئینستیتیوتی واشنتن دەڵێن، خۆپێشاندانەكانی ئێران كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، هەرێمی كوردستان بووەتە بەشێك لە مەیدانی جەنگەکە.
توێژینەوەکەی ئینستیتیوتی واشنتن لەلایەن دكتۆر نەوزاد هیتیتی و دكتۆر زوبێر ئەحمەدەوە نووسراوە، هەردووكیان مامۆستای زانكۆكانی كوردستانن.
توێژینەوەکە دوێنێ سێشەممە 17ـی كانونی دووەمی 2023 بڵاوكراوەتەوە، باس لە دۆخی ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی چەند مانگی رابردووی ئەو وڵاتە دەكات و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە.
لە بەشێكی دیكەی توێژینەوەکەدا باس لە دۆخی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: هەرێمی كوردستان بووەتە بنكەیەكی نوێی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران و بەشێكی زۆر لە هێزە ناڕازییەكانی ئێران و خەڵكی ناڕازی ئێران روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە ناوچە جیاوازەكاندا دەژین.
“دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و كوشتنی قاسم سولەیمانی، ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانەوە چاودێری وردی ئێران دەكات، ئەمەش نیگەرانی ئێرانییەكانی لێكەوتوەتەوە و سەرئێشەیەكی گەورەشی بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە”. لە توێژینەوەدا هاتووە.
توێژینەوەکە باس لەوەدەكات، زیاتر لە دە هەزار و 500 كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین، بەدەرلەوەی چەندان .هەزار كوردی دیكە بە قاچاغ هاتوونهته هەرێمی كوردستان..
توێژینەوەکە باس لەوەش دەكات كە ئێران دەتوانێت میلیشیا شیعەکانی عێراق وەک کارتێکی دیکە لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەکاربهێنێت، یان دەتوانێت داوا لە حکومەتی عێراق بکات سنووری حكومەت و ئێران لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بپارێزێت.
لە كۆتایی توێژینەوەكەدا باس لەوەكراوە، كوردستان وەك ناوەندێكی گرنگ و ستراتیژی دەبینرێت لە چاو ئێراندا، ئەگەری ئەوەش هەیە هەرێمی كوردستان ببێت بە بەشێك لە كێشەكانی ئێران.