کامێرای پۆینت تو پۆینت لە هەولێر جێگیر کرا

+964

فەرمان سادق

بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای پۆینت تو پۆینت لە شەقامی 120 مەتری هەولێر بکەوێتەکار.

پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی پۆینت تو پۆینت کە بە Point to Point لەناو خەڵک ناسراوە، لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر جێگیرکراوەو هەفتەی داهاتوو دەکەوێتەکار.

یەکەم شوێن کە ئەو کامێرایەی تێدا دەکەوێتە کار لەنێوان شەقامی کەرکوک بۆ بنەسڵاو دەبێت، کامیراکەش لەهەردوو بەری دووسایدی 120 مەترییەکە دانراوە.

کامێرای پۆینت تو پۆینت، تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆماردەکات.

+964 دەزانێت، لەسەر شەقامی 120 مەتری بەگوێرەی تابلۆکانی هاتوچۆ، لە سایدی خێرایی یەکەم شوفێر دەتوانێت تا 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک لێخوڕێت، لە سایدی دووەم بۆی هەیە تاوەکو 100 کیلۆمەتر لێخوڕێت، هەرچی سایدی سێیەمە کە تایبەیتش کراوە بە باهەڵگرەکان، بۆیان هەیە تاوەکو 80 کیلۆمەتر لێخوڕن.

لە راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی هەولێر، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی کانونی دووەم بڵاویکردۆتەوە دەڵێ: شۆفێرانی ئازیز بۆ ئەوەی خۆتان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێ لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بکەن و لە هەموو 120 مەتری خێرایی رێگەپێدراوە بەم جۆرەیە:

یەکەم: ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە 110 کیلۆمەتر لە کاژێرێک خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆماردەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.

دووەم: ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) نابێت لە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێک خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.

هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر ئاگادار دەکەینەوە کە تەنیا رێگەپێدراون لە هێڵی دیاریکراو بۆیان شۆفێری بکەن. بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.