شۆفێرێک: مەترسی رووداو هەیە

لە تونێلی میراوە ئاو وەستاوە و گرفتی بۆ شۆفێران دروست کردووە

+964

ئاکام غەفور- سۆران

لە تونێلی میراوە بە دیاریکراوی سایدی هاتن لە هەولێر بۆ سۆران، لە ناوەڕاستی تونێلەکە ئاوێک دەرکەوتووە، بەهۆی ئەوەی جادەی ناو تونێلەکەش هەموو کات ئاوی تێدایە و تەڕە، گرفتی بۆ شۆفێران دروست کردووە.

چەند شۆفێرێکی ئەو رێگایە، پەیوەندییان بە 964 کردووە، بۆ گەیاندنی گرفتەکە بە لایەنی پەیوەندیدار و دەڵێن، تونێلەکە مەترسیدارە، قایمقامیەتی شەقڵاوەش دەڵێت، “چارەسەری دەکەین”.

عومەر عەلی یەکێکە لەو شۆفێرانەی رۆژانە هاتوچۆ بە تونێلەکەدا دەکات، بە 964ـی وت، ئەو ئاوەی لە ناو تونێلەکەدا دەرکەوتووە مەترسی رووداوی هاتوچۆی لێ دەکرێت، ئێمە شارەزاین و پێش بگەینە ئاوەکە، خێراییمان تەواو کەم دەکەینەوە، بەڵام کەسێک شارەزا نەبێت، تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت و ئێمە مەترسی ئەوەشمان هەیە لە کاتی کەمکردنەوەی خێرایماندا، لە دواوە ئۆتۆمبێلی تر خۆمان پێدا بکێشیت.

کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە، بۆ 964 وتی، “ئاگاداری بوونی ئەو ئاوەین لە تونێلی میراوە و سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە و گرفتەکە چارەسەر دەکەین”.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر یەکە لە چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر و بەڕێوبەرایەتیی هونەری کاروباری پارێزگای هەولێر ئاگادارکراونەتەوە لە گرفتەکە، تیمەکانی ئەوان چاکی دەکەن، بەڵام تا ئێستا کاریان تێدا نەکردووە.

تونێلی میراوە، درێژییەكەی 380 مەترە، لە ساڵی 2014 تەواوكراوە، دەكەوێتە نێوان قەزای شەقڵاوە و ناحیه‌ی هەریر.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

رێگەكەی تونێلی میراوە قیر كرا

رێگەكەی تونێلی میراوە قیر كرا