لە مارکێتەکان کۆدەکرێنەوە

وەزارەتی تەندروستی 31 جۆر خواردنەوەی وزە بەخش قەدە‌غە دەکات

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی تەندروستی لەبازاڕی هەرێمی کوردستان 31 جۆر خواردنەوەی وزەبەخشیان تۆمارکردووە کە هیچ رێگەپێدانێکیان نەبووە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دەستیان بەسەردادەگیرێت و لەناودەبرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند 31 جۆر خواردنەوەی وزە بەخشیان دەستنیشانکردووە کە رێگەپێدانی وەزارەتی تەندروستیان نییە و بەشێوەی قاچاخ هێنراون بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە بڕیاردراوە ئەو خواردنەوانە کۆبکرێنەوە و لەناوببرێن.

بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستی رێکەوتی 29.4.2024ی لەسەرە، ناوی هەر 31 جۆرەکەی خواردنەوەی وزەبەخشیان دیاریکردووە .

وەزارەت دەڵێت، بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دروست کردن یاخود هاوردەکردنی خواردنەوە وەزەبەخشەکان (مشروبات الطاقە)، پێویستە کارگەکان وکۆمپانیاکان لە رێگای وەزارەتی تەندروستی رێگە پێدان وەرگرن.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەت “هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ لە بازاڕەکان دەست بەسەر هەر هەمووی دابگرن و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکات و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچی کاران بگیرێتە بەر”.

ئەمە دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستییە، ئاماژە بەناوی هەموو ئەو جۆری وزەبەخشانە کراوە کە قەدەغەکراون.