لە حاسڵاتەوە

کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان لە مەترسیدان و لە گرتووخانەکانی باکوور مانگرتنە

+964

ژووری هەواڵ

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان مەترسی جدییان لەسەرەو ژمارەی مردن تیایاندا روو لە هەڵکشانە، چونکە ماوەیەکە رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوکارییەکانی بۆ یانزە کامپ راگرتووە و بەو هۆیەوە ناتواندرێت خزمەتگوزاری تەندروستی تیایاندا پێشکەش بکرێت.

ئاشوورییەکانی حەسەکە دەنگی ناڕەزاییەن هەڵبڕیوەو دەڵێن قبوڵمان نییە دیلەکانی داعش بدرێنەوە بە وڵاتەکانیان، ئەم ناڕەزاییە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکان رێک کەوتووە تا ئەو داعشانە بداتەوە وڵاتەکانیان کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپین.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە سنووری نەوسوودی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەری تەمەن 16 ساڵ بریندار کراون و هەردووکیان بارودۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

رێکخراوی نۆژین کە رێکخراوێیکی چالاکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند سۆما پور محەمەد مامۆستای زمانی کوردی لە لایەن دادگای ئێرانەوە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا دراوەو گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی کرماشان.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: ژمارەیەک لە گیراوانی بەندیخانەکانی تورکیاو باکوری کوردستان ئەو مانگرتنەیان چڕ کردووەتەوە کە 156 رۆژە رایانگەیاندووە، نە دەچنە دادگاکان و نە وەڵامی تەلەفۆن دەدەنەو نە کەسوکاریان دەبینن.

دادگای فیدراڵی بڕیاریدا ئەو داوایە رەت بکاتەوە کە دژی هەڵوەشاندەنەوەی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، دادگاکە دەڵێت داواکەمان رەت کردەوە لەبەر ئەوەی مەرجەکانی تێدا نەبوو.