پاسەکانی ھێڵی رزگاری و بەختیاری مانیان گرتووە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

شۆفێری پاسەکانی ھێڵی رزگاری و بەختیاری لە سلێمانی مانیان گرتووە و هیچ سەرنشینێک ناگوازنەوە، نوێنەری پاسەکان دەڵێت، شۆفێرەکانی دەرەوەی شار سەرنشینەکانی ئەوان هەڵدەگرن.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شۆفێری پاسەکانی ھێڵی بەختیاری و رزگاری، شەقامی بەختیاریان داخست و داوا دەکەن پاسەکانی ھێڵی راپەڕین، شەکرەکە و تاسڵوجە نەچنە ناوچەی ئەوانەوە و سەرنشینەکانیان ھەڵنەگرن.

سیروان عەبدوڵڵا نوێنەری پاسەکانی ھێڵی رزگاری و بەختیاری بە 964+ی راگەیاند “ماوەی پێنج ساڵە ئەو کێشەیەمان ھەیە، بەپێی یاسا نابێت ھیچ کام لە ھێڵەکانی دەرەوەی شار سەرنشینی ناو شار ھەڵبگرن، بەڵام ھەریەکە لە پاسەکانی ھێڵەکانی راپەڕین، شەکرەکە و تاسڵوجە دەچنە ناوچەی ئێمەوە و سەرنشینەکانمان ھەڵدەگرن.”

بە وتەی سیروان عەبدوڵڵا، بەهۆی بێبازاڕییەوە شۆفێرەکانی ھێڵی رزگاری پێشتر سکاڵایان تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی ژمارەی پاسەکانیان کەمبکرێتەوە و بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی دیکە، بەڵام ئەو هێڵانەی دیکە وەریان ناگرن.

لە ھێڵی رزگاری 100 پاس سەرنشین دەگوازنەوە و شۆفێرەکان داوایان کردووە 40 پاسیان لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە و ئەوانی دیکە بەسەر چەند هێڵێکی دیکەدا دابەش بکرێن،

ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێران بە 964+ی راگەیاند، هێڵەکانی دیکە بەم دابەشکردنە رازیی نین، کە شۆفێرەکانی هێڵی رزگای داوای دەکەن.

ژمارەی پاسەکانی هێڵی بەختیاریش 76 بوون و دابەشکراون بەسەر سێ هێڵی دیکەدا، بەڵام رێگەیان پێنادرێت سەرنشین بگوازنەوە، سیروان عەبدوڵا وای وت.