لە پارکی ئازادی
لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ 30 تۆن زبڵ و پاشماوە فڕێدراوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
خوێندکاران ئاهەنگی دەرچوونیان گێڕا، بەڵام پارکی ئازادیان بە پیسی بەجێهێشت، بەڕێوەبەری پارکەکە دەڵێت، تەنیا دوێنێ بەهۆی ئاهەنگی دەرچونی خوێندکاران 30 تۆن پاشماوەیان پاککردووەتەوە.
بەکر مستەفا لێپرسراوی پارکی ئازادی بە 964 وت، ماوەی سێ رۆژە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی کۆتا قۆناغی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ناو پارکی ئازادی بەڕێوەدەچێت و بۆ رۆژانی دواییش بەردەوامیی دەبێت.
باسی لەوەشکرد، تەنیا دوێنێ لە پارکی ئازادی نزیکەی 30 تۆن پاشماوەی ئاهەنگی خوێندکاران کۆکراوەتەوە و ئەمڕۆش قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر پارکەکە هەبووە.
ئەوەی خستەڕوو، لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ئاگاداری زۆرینەی خوێندکارەکانیان کردووەتەوە، تا بە پیسی شوێنەکانیان بەجێنەهێڵن، بەڵام کەس گوێ بەو رێنماییانە نادات.
لێپرسراوی پارکی ئازادی لەبارەی هاوکاریکردنیان دەڵێت، لەکاتی ئاهەنگی دەرچوون بەیانیان مامۆستاکانیان کەمێک هاوکاریان دەکەن، بەڵام هاوکاریەکانیان ئەوتۆ نییە و دەبێت کارمەندەکانی خۆیان هەستن بە پاکردنەوەی پارکەکە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی