پێشتر ژمارەیەک کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە

بۆچى دواى تەقینى بۆڕى غازەکە دانیشتوانى گوندەکە چۆڵیان کرد؟

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەو بۆرى غازەی لە گوندێکی باشوری کەرکوک تەقی، غازێکی کوشندەى تێدایە و لە رابردوودا چەندین کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 29.4.2024 لە گوندی قزلیار لەباشوری کەرکوک بۆریەکی گواستنەوەی غاز تەقی و بەهۆیەوە دانیشتوانى گوندەکە چۆڵیان کرد.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاى نەوتى باکور بە 964ـى وت،”غازەکە، پێیدەوترێت غاز مساحب Associated gas یان غازی ئەهاوڵ کە جۆرە غازێکی ژەهراوییە پێشتر ژیانی چەندین کرێکار و فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکوری لەناو بردووە”.

بەپێى قسەى ئەو سەرچاوەیە، ئەو جۆرە غازە لە قۆناغی یەکەمدا لە نەوتی رەش جیاکراوەتەوە، واتا خامی غازەکانە دواتر رەوانەی کۆمپانیای غازی باکور دەکرێت و چەندین جۆر غازی لێ جیادەکرێتەوە، لەبەر ئەوەى کوشندەیە ئەو کەسانەی کاری لەسەر دەکەن دەبێت کەلوپەلی و دەمامکی تایبەت بەکاربهێنن.

“لە ساڵانی رابردوودا چەندین کرێکار و فەرمانبەری کۆمپانیاکەیان بەهۆى ئەم غازەوە گیانیان لە دەستداوە، دواینیان ساڵی رابردوو بوو دوو کرێکار کێڵگەی جەبەل بۆری سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکور بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستدا”، سەرچاوەکەى کۆمپانیاى نەوتى باکور واى بە 964 وت.

لەسەر کوشندەیى ئەو غازە، دکتۆر.ئەحمەد خالید حەمدانی، پسپۆری کۆئەندامی هەناسە بە 964ـی وت، ئەو جۆرە غازە ژەهراوییە و راستەوخۆ کۆئەندامی هەناسەدان توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەکات و هەرجارەو هەندێک شوێنی لەشی دەئاوسێت دوای چەند رۆژێک لەشوێنێکی دیکەی سەرهەڵدەداتەوە.

محەمەد سەید یەکێکە لە هاوڵاتییەکانى پارێزگاى کەرکوک کە پورزایەکى بەهۆى ئەم غازەوە لەدەستداوە، ئەو چیرۆکەکەى بەو شێوەیە بۆ 964 گێڕایەوە،”پورزایەکم فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکور بوو، بەهۆی ژەهراوی بونی بەو غازە تووشى پەککەوتن بوو نەیدەتوانی دەوامی فەرمی بکات هەندێکجار تووشی لەبیرچونەوە دەبوو، ئەمە واى کرد لە بەیانییەکى زوودا کۆتایى بە ژیانى خۆى بهێنێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

تەقینى بۆرى غازى گوندەکەى باشورى کەرکوک دەوامى قوتابخ...

تەقینى بۆرى غازى گوندەکەى باشورى کەرکوک دەوامى قوتابخانەى راگرت