بۆ پاراستنى کارمەندەکانى

دانەغاز بەرهەمهێنانى لە کۆرۆمۆر راگرت

964+

ژووری هەواڵ

کۆمپانیای دانەغاز، بەشێوەی کاتی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەى غازى کۆرمۆر راگرت و دەڵێت، کاری لەپێشینەیان پاراستنی سەلامەتی کارمەندەکانیانە.

ئەمڕۆ دووشەممە 29.4.2024، کۆمپانیای دانەغاز راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی رۆژی 26ـی ئەم مانگە بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، زیانی کەم بە دامەزراوەکان و کەرەستەکان کەوتووە، بەڵام گۆڕانکارییان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکانیان کردووە.

“لە بەرزترین ئاستدا لە دانوستاندنداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە مەبەستی هاوکاریکردنیان لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکان بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە سزای خۆیان بگەیەنن”، دانەغاز وادەڵێت.

کۆمپانیاکە سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە کردووە کە لە هێرشەکەدا بوونە قوربانی و دەڵێت، چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگەکە بوون.

دانەگاز ئەوەی روونکردووەتەوە، “لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەت لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی رێوشوێنە ئەمنییەکان توندوتۆڵ بکەن بۆ ئەوەی دواجار بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە”.

شەوی هەینی رابردوو بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و جگە لەوە کە زیانی بۆ کارەبای هەرێم هەبوو زیانی گیانیشی لێ کەتەوە.

راپۆرتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی

راپۆرتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەدرێتە سوودانی