پاشماوەی دیکەشی تێدا بووە
لە بەنداوی دەربەندیخان 250 تۆن پلاستیک و تەپەدۆر کۆکرایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای پێنج رۆژ کارکردن، ئەمڕۆ یەکشەممە 28.4.2024، کارەکانی خاوێنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان کۆتایی ھات، نزیکەی 250 تۆن زبڵ و پاشماوەی پلاستیکی سەرئاو کەوتووی بەنداوەکە کۆکرایەوە.
ھەردوو رێکخراوی ڤیم فاوەندەیشن و سروشتی کوردستان، خۆبەخشانە پاککردنەوەی بەنداوەکەیان لەئەستۆ گرت.
عوسمان عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”ماوەی پێنج رۆژە ھەردوو رێکخراوەکە سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی سەر ئاو کەوتووەکانی بەنداوەکەن، وەک شارەوانیش بە پێدانی بارھەڵگر ھاوکاریمان کردن”.
لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا، بە نزیکەی 250 تۆن زبڵ و پاشماوەی پلاستیکی لە بەنداوەکە کۆکراوەتەوە،بە قسەی عوسمان عەبدوڵا بێت، “لە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک دەخرێنە ژێر خۆڵەوە”.
قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ هاوڵاتیان: ئاگاداربن ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە
بەنداوی دەربەندیخان کە سێ ملیار مەتر سێجا توانای کۆگاکردنی ئاوی هەیە، ئێستا 98%ی پڕە و تەنیا 2%ی خاڵییە، بەو پێیەش بێت نزیکە لە سەرڕێژ بوون، بە قسەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە بێت، ئێستاش رۆژانە ئاوێکی زۆر دێتە ناو بەنداوەکە و رۆژانە چەند سانتیمەترێک ئاستی کۆگاکردن بەرزدەبێتەوە، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ی وت، “تاکە بەنداوین، لەسەر ئاستی بەنداوە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاستی ئاوی کۆگاکراومان بەو رادەیە زیادی کردووە”.
لەگەڵ ئەو ئاوە زۆرە، زۆرێک لەو پاشماوانەی چوونەتە ناو بەنداوی دەربەندیخانەوە، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان پێی وایە، گەشتیاران لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو فڕێیان داون، ئەو ئەوەشی وت، “ئەمساڵ رێژەی ئاو زۆر بووە، بەشێک لەو سەرچاوانەی ووشکیان کردبوو بوژاونەتەوە، لەگەڵ خۆیاندا جگە لە ئاو، پاشماوەی دەبە و پلاستیک و نایلۆنیان راپێچی بەنداوەکە کردووە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا