سۆراغى 964
ئەمڕۆ هیچ کەس لە بەنداوى دوکان خنکاوە؟
964+
بەرزان عوسمان- دوکان
دەنگۆى خنکانى کەسێک لە بەنداوى دوکان هەیە، بەڵام تائێستا بۆ لایەنە فەرمییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە، کەسەکە ونە و جلوبەرگەکەى لە رۆخى بەنداوەکە جێماوە.
964 بەدواداچوونى بۆ دەنگۆى خنکانى کەسێک کرد کە دەوترێت ئەمڕۆ لە بەنداوى دوکان خنکاوە.
“بابەتەکە ئەوەیە، شۆفێرێکى بەلەم کەسێکى بردووە بۆ یەکێک لە دورگەکانى بەنداوەکە و کەسەکە پێى وتووە دواى کاتژمێرێک بەدوامدا وەرەوە، بەڵام کاتێک شۆفێرەکە دەچێتەوە، کەسەکە لەوێ نەماوە و تەنیا جلوبەرگەکەى لە رۆخى ئاوەکەن”، ئارام عەلى، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانى واى بە 964 وت.
بەلەمەوانەکە پۆلیس و بەرگرى شارستانى ئاگادار دەکاتەوە، بە وتەى ئارام عەلى دواى ئاگادارکردنەوەکە تیمى غەواس گەشتونەتە شوێنەکە و گەڕان دەکەن بۆ کەسەکە.
تا ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە ئەو کەسە خنکاوە یان نا، تەنیا ئەوەى هەیە کەسەکە لەو شوێنە نەماوە و جلوبەرگەکانى ماونەتەوە.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 پەیوەندى بە پۆلیسى دوکانەوەکرد، بەڵام ئەوانیش نازانن و چاوەڕێى ئەنجامى گەڕانەکانى تیمى غەواس دەکەن.
بە وتەى ئەو شۆفێرى بەلەمەى کە کەسەکەى بردووە بۆ ئەو دورگەیە، کەسەکە دەمووچاوى پێچابوو و بە کوردى قسەى کردووە.
964 لەسەر هێڵ دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و زانیارى دروست لەبارەى چارەنوسى ئەو کەسە بڵاو دەکاتەوە.
داڕشتنەوە وریا فەتاح