شارەوانی و هاتوچۆ کارەکە دەکەن
جادە و شەقامەکانی کۆیە رێکدەخرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە شەقام و جادەکانی ناوشاری کۆیە نۆژەن بکرێنەوە و دواتریش هاتوچۆی شارەکە هێڵکاری و ترافیکەکان لە شەقامەکان نوێ بکاتەوە.
هەڵمەتەکە لە لایەن شارەوانی و هاتوچۆی کۆیەوە بەڕێوە دەچێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات.
964 لە شارەوانیی کۆیەوە زانیویەتی، بەهۆی زستان و لافاوەوە بەشێکی شەقام و جادەکانی ناو کۆیە چاڵیان تێدا دروست بووە و تێکچوون، بۆیە دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکەن.
سەنگەر سەعید، وتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ بە گرنگیان زانیوە هەم لە رووی خراپیی شەقامەکان و هەم لە رووی هێما و پێویستییەکانی هاتوچۆوە شەقامەکانی ناو کۆیە نۆژەن بکەنەوە.
وتیشی، “هەماهەنگیمان لەگەڵ شارەوانی هەیە و سەرەتا ئەوان شەقامەکان نۆژەن دەکەنەوە، دواتر ئێمەش هێماکانی هاتوچۆ و ترافیکەکان نۆژەن دەکەینەوە و ئەوەی پێویست بێت دەیگۆڕین”.
قەزای کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرەو لە پێنج ناحیە پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە.