هاوڵاتییه‌ك بۆ 964: كاتی هه‌ڵبژاردن به‌ڵێنی زۆرمان پێده‌ده‌ن

هاوڵاتیانی گه‌ڕه‌كی په‌نجا عه‌لی دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری گردبوونه‌وه‌

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری دانیشتوانی چەند کۆڵانێکی گەڕەکی پەنجاعەلی گردبونەوە .

ئەمڕۆ پێنج شەممە 2024.4.25 بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک لە دژی نەبونی خزمەتگوزاری و قیرتاو نەکردنی گەڕەکەکەیان گردبونەوە و بە وتەی خۆیان چەندین جار لەگەڵ لایەنی بەرپرس دانیشتوون، بەڵام تەنیا بەڵێن بووە و هیچیان بۆ نەکراوە.

جومعە عەلی، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی بە 964ـی وت ، لە سەرەتای مانگی رەمەزان لیژنەیەک هات و پێیان وتین کە لە 20 رەمەزان کۆڵانەکانتان کۆنکرێت دەکەین، بەڵام تا ئێستا نەکراوە.

وتیشی ئەو خزمەتگوزارییانەی بڕیار بووە بۆ کۆڵانی ئێمە بکرێت، گوازراوەتەوە بۆ کۆڵانێکی دیکە.

هەروەها دەڵێت، کاتی هەڵبژاردن بەڵێنی زۆرمان پێدەدەن و دواتر جێبەجێی ناکەن

سوعاد ئەنوەر دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت، “کوڕەکەم سەردانی لایەنی پەیوەندیدار و شارەوانیی کەرکووکی کردووە و تەنیا بەڵێنیان پێداوین و هیچ نەکراوە”.

ئاشکراشی کرد، بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و پیسیی گەڕەکەکە لە ناو ماڵەکەیدا مارێک بە دەستی خۆی کوشتووە.

بەپێی سۆراغی 964 کە لە چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس لە شارەوانی و ئیدارەی کەرکوک دەستی کەوتووە، لە ساڵی 2022 بڕی 298 ملیۆن دینار بۆ گەڕەکەکە تەرخان کراوە، بەڵام بودجە نەبووە بۆیە کارەکان نەخراوەتە بەرنامەوە، بەڵام ئێستا بودجە هەیە و بەڵێن بە  هاوڵاتیانی گەڕەکەکە دراوە هاوشێوەی گەڕەکەکانی دیکە خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بازاڕی پەنجا عەلی كەركوك چۆڵكرا

بازاڕی پەنجا عەلی كەركوك چۆڵكرا