یەکەمەکان دوکانیان بۆ دادەندرێت
دوو خولی پیشەیی لە بازیان دەکرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
دوو خولی پیشەیی لە قەزای بازیان دەکرێنەوە و رێکخەرێکی خولەکان دەڵێت، بێبەرامبەر دەبن و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبن و یەکەمی خولەکانیش دوکانیان بۆ دادەندرێت.
خولەکان لە لایەن رێکخراوی داریکەلی و کۆمپانیای چیمەنتۆی بازیان دەکرێنەوە و بریتین لە خولی درومان و چاککردنەوەی تەلەفۆن و ئایپاد.
ئەحمەد کەمال، سەرپەرشتیاری خولەکان بە 964ـی راگەیاند، گەنجانی سەرجەم شارۆچکە و گوندەکانی قەزای بازیان دەتوانن تێیدا بەشدار بن.
وتیشی، “خولی درومانەکە تەنیا بۆ کچان و ژنانە و چاککردنەوەی تەلەفۆن و ئایپادیش بۆ هەردوو رەگەز ئاساییە و دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن”.
وا بڕیارە ناونووسین تا چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت و دواتر خولەکە دەستپێدەکات.
“سەرجەم پێداویستییەکانی خولەکان بۆ فێرخواز ئامادە کراون. خولەکان لە کتێبخانەی گشتیی بازیان دەوترێنەوە و یەکەمی هەردوو خولەکە هاوکاری دەکرێت بۆ دانانی شوێن و دوکانی تایبەت بە خۆی”، ئەحمەد کەمال وای وت.