بە هاوکاری رێکخراوێک
ژمارەیەک گەنج هەڵمەتی سەوزکردنی خورماتوویان دەستپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ژمارەیەک لەگەنجانی دوزخورماتوو هەڵمەتی سەوزکردنی قەزاکەیان دەستپێکرد، هەڵمەتەکە بە هاوکاری رێخراوی پاو دەبێت و نەمام لە شوێنە جیاوازەکانی قەزاکە دەچێنن.
حەسەن عەلی چالاکوان و سەرپەرشتاری بڕۆژەکە بە 964ـی وت، لەپێناو جوانکردنی سروشت و زیادکردنی رێژەی سەوزایی، کۆمەڵێک گەنجی کوڕ و کچی قەزاکە هەڵمەتی سەوزکردنی قەزاکەیان راگەیاندووە.
وتیشی، لەهەنگاوی یەکەمیاندا لەناو کولێژ و قوتابحانەو بەشێک لە شوێنەگشتیەکانی قەزاکە دەستیان پێکردووە و ژمارەی ئەو نەمامانەی چاندویانە زیاتر لە 150نەمامن کە لەسێ جۆر پێکدێن (ئەکاسیای میسری و قەعوە و جەهەنمی).
دەشڵێت، لەلایەن رێکخراوی پاوی جیهانی هاوکاری و پاڵپشتی کراون و بەردەوامیش دەبن لەو پڕۆژەیە تاوەکو تەواوی قەزاکە سەوز دەکەن و داواش لەگەنجان دەکەن هاوکاریان بن و گروپ دروست بکەن بۆ سەوزکردنی زیاتری قەزای خورماتوو.
قەزای دوزخورماتوو ناوچەیەکی گەرمە و پلەکانی گەرما تیایدا زیاتر بەرز دەبنەوە و رێژەی سەوزایی لەئاستێکی زۆر نزمدایە تا ڕادەیەکی زۆر لە رووی سەوزاییەوە پشتگوێخراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی