نەفەرى بە هەزار دینار

هێڵى پاسى سیتەک سلێمانى دەستبەکار بوو

964+

وریا فەتاح

لەمڕۆوە، هێڵى پاسى سیتەک سلێمانى دەستبەکار بوو، لەمەودوا دانیشتوانى سیەتەک نەفەرى بە هەزار دینار دەتوانن بچنە سلێمانى و بگەڕێنەوە بۆ سیتەک، گواستنەوەى سلێمانیش دەڵێت، ئاگادارى هیچ هێڵێکى پاس نین کە لە سیتەک دەستبەکار بووبێت و نایاساییە.

مەحمود حاجى نامیق سیتەکى، خاوەنى هێڵى ئەو تاکە پاسەیە کە لەمڕۆوە لە نێوان سیتەک سلێمانى دەستبەکار بووە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بەیانیان لە کاتژمێر 7:00 بۆ 9:00 لە نزیک نۆرینگەى سیتەک دەوەستین، ئەگەر نەفەر هەبوو دەڕۆین، ئەگەر نەبوو ناڕۆین، بۆ گەڕانەوەش لە کاتژمێر 2 بۆ 4ـى دوانیوەڕۆ لە گەراجى چوارتا دەوەستێت.

پاسەکە 25 نەفەر دەگرێت و وەک خاوەنەکەى باسى دەکات، لەژێر رێنمایى سەندیکاى شۆفێران و کۆمیتەى یەکێتى دەستبەکار بووە.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتى گواستنەوەى سلێمانى لەبارەى هێڵى پاسى سیتەک بە 964ـى وت،”ئاگادارى ئەو هێڵە نین، رەنگە کەسێک بە نایاسایى ئەو ئیشە بکات، بەڵام بە یاساسى هیچ هێڵێک نییە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، کردنەوەى هێڵى گواستنەوە پێویستى بە مۆڵەتى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن هەیە، ئەوان لیژنەیەک دەنێرن و بڕیار دەدەن کە هێڵەکە چەند پاسى پێویستە و شوینى دەرچوون و گەڕانەوە کوێیە و کرێکەى چەندە.

وەک ئەوەى خاوەنى پاسەکەى سیتەکیش باسى دەکات، جارێ ئەوە تێستە دەیانەوێت تا یەک دوو هەفتە تاقى بکەنەوە، ئەگەر زانیان خەڵک پاس بەکار دەهێنێت، ئەوکات مۆڵەتى بۆ وەردەگرن.

تەنانەت بە وتەى مەحمودى حاجى نامیق، ئەگەر خەڵکى سیتەک پێویستى بە پاس بوو بۆ گواستنەوە، ئەوە پێویستە سەندیکا و گواستنەوەى سلێمانى خۆیان بێن داوا بکەن و رێکارە یاساییەکان ئەنجام بدەن، جا بۆ پاسەکەى ئەو بێت یان هەر کەسێکى دیکە.

هێڵێکی سلێمانی نرخی گواستنەوەی هەرزان کرد

هێڵێکی سلێمانی نرخی گواستنەوەی هەرزان کرد