دەوترێت لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە

گەنجێک لە ئاوى نێوان گۆڕەشێر و شێنێ خنکا

964+

وریا فەتاح

کەمێک پێش ئێستا، گەنجێک کە لە ئەوروپاوە بە قاچاخ گەڕاوەتەوە، لە ئاوى نێوان گۆڕەشێر و شێنێ لە سنوورى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران خنکا.

بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى ئەمنیى قەزاى پشدەر، ئەو شوێنەى گەنجەکە لێى خنکاوە پێى دەوترێت ئاوى بەردەڕەشى شێنی کە ناوچەیەکى سنووریى نێوان هەرێمى کوردستان و ئێرانە.

سەرچاوە ئەمنییەکەى 964 وتى، “گەنجەکە لە دایکبووى 1997ـە و خەڵکى ناحیەى چوارقوڕنەیە و ماوەى هەشت ساڵە لە بەریتانیا دەژیت، بەڵام ئەمڕۆ لە کاتى گەڕانەوەى کە لە ئێرانەوە بە قاچاخ گەڕاوەتەوە، لە ئاوى خوار گوندى شێنێ خنکاوە”.

ئەو شوێنەى گەنجەکە لێى خنکاوە، چەمێکە دەکەوێتە خاڵى سنورى نێوان قەزاى پشدەر و وڵاتى ئێران، بە وتەى ئەحمەد عەبدوڵا کە دانیشتوویەکى گوندى شێنێیە، گوایە بە حەبل ویستویانە گەنجەکە بپەڕێننەوە، بەڵام بە ئاودا چووە و خنکاوە.

964 دەزانێت، بەشێکى زۆر لەو هاوڵاتییانەى هەرێمى کوردستان کە لە ئەوروپان و مافى پەنابەریان وەرگرتووە و کەیسەکەیان عێراقییە، ناتوانن بە راستەوخۆ بگەڕێنەوە عێراق، بۆیە لە کاتى گەڕانەوەدا دەچنە ئێران و لەوێوە بە قاچاخ دەگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان.

بەپێى زانیارییەکانى 964، چەند رۆژێک پێش جەژنى رەمەزان ژمارەیەک گەنج کە لەوێوە بە قاچاخ گەڕاونەتەوە هەرێم، لەلایەن هێزە سنوورییەکانى ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە و کەوتوونەتە ناو ئاوى گۆڕەشێر و شێنێ و کەلوپەلەکانیان بە ئاودا چووە.

لە گوندێکی کۆیە کوڕو باوکێک خنکان

لە گوندێکی کۆیە کوڕو باوکێک خنکان