شانۆ نمایش کرا و خواردنیش خورا
خانەقین یاد و جەژنە نەتەوەییەکانی لە یەک رۆژدا کۆکردەوە
964+
راژان باجەلان – خانەقین
قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییەکانی خانەقین ئەمڕۆ دووشەممە 22.4.2024 فێستیڤاڵی یاد و جەژنەکانی نەورۆزیان لە هۆڵی کولتووری خانەقین سازکرد.
ئەوان، چەند چالاکییەکی جیاواز ئەنجامدا، وەک شانۆ، سروود، هۆنراوە، کاری دەستی و دابەشکردنی خواردەمەنی کوردەواری،
مامۆستا دەشتی جەمال، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکەیە ئەو بە 964 ی وت، بە بەشداری زیاتر لە 40 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە خانەقین و بە سەرپەرشتی بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی خانەقین ئەو فێستیڤاڵەیان سازکردووە، زیاتر جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە بەرگی کوردی شارەکە نیشان بدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان مەبەستیان بووە، یادە کارەساتبار و بۆنە و جەژنە نەتەوەییەکانی کورد، لە یەک کات و رۆژدا نمایش بکەن و نیشانی بەشداربووانی بدەن.
مامۆستا غادە غازی ئاغا بەڕێوەبەری قوتابخانەی هاوکاریی سەرەتایی-یە، ئەو قسەی بۆ 964 کرد و وتی، قوتابخانەکەمان بە چەند چالاکییەکی هونەری جیاواز بەشداریی کردووە، دەبێت ئەم جۆرە چالاکییانەش زیاد بکرێت لە شارەکە و بکرێت بە نەریتێک تا رەسەنایەتی کوردبوونی خۆمان بپارێزین و بۆ نەوەکانی ئاییندە وەک کولتوورێک بمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا