گیانلەدەستدان نەبووە
لە سۆران هەر رۆژێک سێ کەس مار یان دووپشک پێوەیداون
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی مانگێکدا 10 هاوڵاتی لە سنووری ئیدارەی سۆران مار و دووپشک پێوەیداون و بە پێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی بێت، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە.
رێبوار سەیفەدین، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بۆ 964ـی روونکردەوە، حاڵەتەکان زیاتر دووپشکن و دوو حاڵەتی پێوەدانی ماریان هەبووە و هیچ گیانلەدەستدانێک نەبووە.
وتیشی، “یەکێک لەپێوەدانی مارەکان بە ژنێکی بەتەمەن بووە و بارودۆخی ناجێگیر بووە رەوانەی شاری هەولێر کراوە و لەوێ چارەسەری پێویستی بۆ کراوە”.
سنووری ئیدارەی سۆران زیاتر شاخاوییە و بەو هۆیەشەوە مار و دووپشکی زیاتری لێدەردەکەوێت.
رێبوار سەیفەدین ئاشکراشی کرد، حاڵەتەکان لە چاو مانگەکانی پێشتر لە زیادبووندان و ئەوەش پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی گەرماوە هەیە.
“ئەگەر حاڵەتی پێوەدانەکان لەسەر هاوڵاتیان زۆر مەترسیدار نەبن هەر لە سۆران چارەسەر دەکرێن و ئەگەر مەترسیداریش بن دەنێردرێن بۆ شاری هەولێر”، ئەوەش قسەی رێبوار سەیفەدینە.