“زیاتر له 50 پڕۆژه‌یاسا له په‌رله‌مان فه‌رامۆشكراون”
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
زیاتر له 50 پڕۆژه كه له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوودا، پێشكه‌ش به په‌رله‌مان كراون له لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه فه‌رامۆشكراون و نه‌خراونه‌ته به‌رنامه‌ى كاره‌وه، په‌رله‌مانتارێكی ده‌ستله‌كاركێشاوە لەبارەیانەوە ده‌ڵێت، “سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان گوناهباره”.
ئیسماعیل عه‌لى ته‌ها، په‌رله‌مانتارى ده‌ستله‌كاركێشاوەی یه‌كگرتووى ئیسلامی له په‌رله‌مان و سه‌رۆكى پێشووى لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا، پێیوایه تا ئێستا په‌رله‌مان دانیشتنێكی جدیی له‌سه‌ر بابه‌تێكی گرنگ نه‌كردووه، “هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ندی به ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك و باشتربوونى ژیانیانه‌وه هه‌بێت و له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكدا بووبێ، له‌لاى په‌رله‌مانه‌وه فه‌رامۆشكراوه و نه‌خراوه‌ته به‌رنامه‌ى كاره‌وه”.
به قسه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره، ته‌نیا ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه حكومه‌ت بۆیان ده‌نێرێ، كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت، “ئه‌وه كێشه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه، ته‌نها بۆ په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌كانى حكومه‌ت دانراوه و حكومه‌تیش پڕۆژه‌یه‌كی وه‌ها نانێرێ كه زۆر پێویست و گرنگ بن بۆ ژیانى هاوڵاتیان، به‌ڵكو ئه‌و پڕۆژانه‌ى ده‌یاننێرێت هه‌موویان له به‌رژه‌وه‌ندى خودی حكومه‌ت خۆیه‌تى”.
ناوبراو، كه له‌مانگى تشرینی یه‌كه‌مى 2022 له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كه‌ى نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانەوەیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تى كردووه، ئاشكراى ده‌كات كه، زیاتر له 50 پرۆژه له په‌رله‌مان كه‌وتوون و فه‌رامۆشكراون و نه‌خراونه‌ته به‌رنامه‌ى كاره‌وه، ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه كه “له ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو به‌رده‌وام پڕۆژه بۆ په‌رله‌مان هاتوون، به‌ڵام به به‌رده‌وامیش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه هه‌موویان فه‌رامۆش كراون و كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه”.
ئاماژه به دوایینیان ده‌كات كه پێشنیازه بڕیارێك بوو‌و له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌كردنى بانگهێشتكردن بۆ هاوڕەگەزخوازیی، ده‌ڵێت، “بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه 82 په‌رله‌مانتار له هه‌موو فراكسیۆنه‌كان ئیمزایان كردبوو، كه‌چی ئه‌ویش فه‌رامۆش كراوه، جا ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى له‌م چه‌شنه كه ره‌زامه‌ندى زۆرینه‌ى له‌سه‌ر بێ، نه‌خرێته كارى په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ى بۆ نه‌كرێ چاوه‌ڕێی چی له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كرێت”.
به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌نراو و بڕیاره بڵاوكراوانه‌ى كه له ماڵپه‌رى فه‌رمى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێ كه په‌رله‌مان له ماوه‌ى ئه‌م خوله‌ى ئێستایدا كه خولى پێنجه‌میه‌تى و له ساڵى 2019 ده‌ستیپێكردووه، 14 دانه پێشنیاز و پڕۆژه‌یاسا و بڕیار‌ى په‌سه‌ندكردوون و كاری له‌سه‌ر شه‌ش دانه پێشنیاز و یاسا و بڕیار كردووه كه به یاسا په‌سه‌ندكراوه‌كان چاره‌سه‌ركراون.
هه‌ر به‌پێی ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مان، ئه‌و پێشنیازه‌یاسا و بڕیارانه‌ى كه حكومه‌ت یان لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان ره‌تیان كردوونه‌ته‌وه، بریتین له 22 دانه، ئه‌و پێشنیازه‌یاسا و بڕیارانه‌ى ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كراون و وه‌ڵامى كۆتاییان نه‌هاتووه‌ته‌وه، 13 دانه‌ن.
له‌باره‌ى ئه‌و پێشنیازه‌یاسا و بڕیارانه‌ش كه خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ نه‌كراوه یان پێشنیازى به‌ركاركردنى یاسای فیدراڵین و ده‌بێت بكرێته پێشنیازى هه‌رێم یان كه‌موكوڕیى رواڵه‌تییان هه‌یه، بریتین له 11 دانه.
ئه‌و پێشنیازه‌یاساو بڕیارانه‌ى له‌ژێر پڕۆسه‌ى ته‌شریعدان، 13 دانه‌ن.