پێویستی بە چاودێرییە
دارستانە دەستکردەکەی زەڕایەن بێنازە
964+
پێشەوا محەمەد
دارستانە دەستکردەکەی زەڕایەن بێنازە و پێویستی بە ئاگالێبوونە، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، ئەوانیش و دارستان و پاوانیش بەهۆی کەمیی کارمەند و بوودجەوە ناتوانن باش خزمەتی بکەن.
دارستانەکە لەسەر رووبەری 400 دۆنم زەوی لە ساڵی 1978 دروستکراوە.
بوورهان حەمەڕەشید، سەرۆکی شارەوانیی زەڕایەن بە 964ـی راگەیاند، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی دارستانەکە وشک بووە و پێویستی بە دووبارە سەوزکردنەوە و چاندنەوەی دار و نەمامی نوێیە.
وتیشی، “هاوڵاتیان بەشێکن لە هۆکارەکانی زیانگەیاندن بە دارستانەکە و ناشیرینی دەکەن و بوونەتە هۆی وشکبوونی بەشێک لە دارەکان”.
ئەمڕۆ چوارشەممە رێگاکانی دارستانەکە چاککران، کە باران و لافاو تێکیدابوون.
سەرۆکی شارەوانیی زەڕایەن دەڵێت، سیاجی دارستانەکە تێکچووە و ئاژەڵ دەچنە ناوی و زیانی پێدەگەیەنن، لە هەمان کاتدا داری وشکی تێدایە و سیمای ناشیرینی بە دارستانەکە بەخشێوە.
دارستانەکە گەورەیە و بە وتەی بوورهان رەشید ئاگالێبوون و خزمەتی بەردەوامی دەوێت، ئەوەش بە کارمەند و بوودجە دەکرێت و “نە ئێمە و نە دارستان و پاوەن نیمانە”.