حکومەت رەتیکردووەتەوە
تەندروستیی سلێمانی داوای کارمەند و پزیشک دەکات بۆ چاودێریی چڕ
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی نەداوە لەسەر دابینکردنی کارمەند و پزیشک بۆ نەخۆشخانەیەکی نوێی چاودێری چڕ، کە بڕیارە لە سلێمانی بکرێتەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیش دەڵێت، دەناڵێنن بەدەست نەبوونی تەختی پێویست لە بەشەکانی چاودێریی چڕ.
ئەمڕۆ سێشەممە 16.4.2024، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەخۆشخانەیەکیان ئامادەیە بە ئامێر و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکییەوە، داوایان لە حکومەت کردووە کارمەند و پزیشکی بۆ دابین بکات.
“بڕیارێکمان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ هاتووەتەوە و دەڵێت، رەزامەندی نەدرا لەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەی چاودێری چڕ بەهۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروست دەکات، لە کاتێکدا پێچەوانەکەی راستە”، سەباح هەورامی وای وت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەنیا 25 تەختی چاودێریی چڕ هەن، لە راپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەشی چاودێری چڕ نییە، ئەوانەی پێویستیان پێیەتی ناچار روودەکەنە شاری سلێمانی و بەشەکانی چاودێریی چڕ لۆدێکی زۆریان لەسەرە.
بە وتەی دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیى سلێمانی کە بۆ 964 قسەی کردووە، بڕیارە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەناسە لە سلێمانی کە ناسراوە بە نەخۆشخانەی ئەڵمانی، نزیکەی 40 جێگای چاودێریی چڕ بکاتەوە، بەڵام پێویستی بە دابینکردنی کارمەند و پزیشک هەیە.