تەنیا دوێنی 700 بارهەڵگری پێدا رۆیشتووە

رێگای سماقوڵی بەڕووی بارهەڵگرەكاندا داخرا

+964

فەرهاد حەسەن

ئێوارەی ئەمڕۆ رێگای دۆڵی سماقوڵی بە رووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخرا، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندەرانی ئەم دۆڵەش، داخستنی رێگاكە بۆ هاتنەوەی بارهەڵگرەكان دەگەڕێنێتەوە.

مامۆستا شاكر سماقوڵیی، سەرۆكی خۆپیشاندەران و نوێنەری گوندەكانی دۆڵی سماقوڵی بە 964ـی وت، داخستنی ئەمڕۆی رێگاكە بەهۆكاری ئەوەیە كە بارهەڵگرێكی زۆر پێدا هاتوچۆ دەكەن و بەشێكی رێگا نۆژەنكراوەكەیان تێكداوەتەوە.

وتیشی “وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بە گەڕانەوەی ئەو بارهەڵگرانە بۆ رێگای سماقوڵی ئاگادار نەبووە لەكاتێكدا بەردەوام كاری چاككردنەوەی تێدا دەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان بە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری رێگاكە، رێگاكەیان داخستووە.
سەبارەت بەوەی كە دوو رۆژ لەمەوبەر سەردانی قایمقامی كۆیەیان كردووە و قایمقام بۆ چارەسەر كێشەی بارهەڵگرەكان مۆڵەتی هەفتەیەكی لە نوێنەرانی ئەم دۆڵە داوا كردبوو، مامۆستا شاكر دەڵێت “هەستمان كرد قایمقام تەنیا دەیەوێت بەقسە رامانبگرێت و رێگاكە دانەخەین و بارهەڵگرەكانیش بەردەوام بەم رێگایە هاتوچۆ بكەن، بۆیە ئەم ئێوارەیە دامانخست”.
بەقسەی نوێنەری خۆپیشاندەران، گەڕانەوەی بارهەڵگرەكان بۆ دۆڵی سماقوڵی بە ئاگاداری و بڕیاری قاتیمقامی كۆیە بووە، چونكە چەند رۆژێك لەمەوبەر رێگای مامەجەلكە و رێگای بالیسان بەڕووی بارهەڵگرەكان داخرابوو.

مامۆستا شاكر ئاشكرای دەكات تەنیا لەماوە دوێنێدا نزیكەی 700 بارهەڵگر بە رێگای سماقوڵی هاتوچۆیان كردووە، بەو هۆیەوە بەشێكی ئەو رێگایەی چاككرابوەوە بارهەڵگرەكان تێكیان داوەتەوە.

لەوەتەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی هەرێم بڕیاری چاككردنەوەی رێگاكەی داوە بەردەوام كاری چاككردنەوەی لەسەر دەكرێت و تا ئێستاش نزیكەی 50% كارەكانی تەواو كردووە.

رێگاى بالیسان له‌ به‌رده‌م داخستندایه‌

رێگاى بالیسان له‌ به‌رده‌م داخستندایه‌