له (كوردی)یه‌وه بۆ توركی و ئیتاڵى
964 گۆڕینى ره‌چه‌ڵه‌كى دارێكی رەسەنی له گوندێکی رواندز راگرت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دارستان و پاوانی هەولێر، له رێگه‌ى 964 ـه‌وه رایگه‌یاند، گۆڕینى ره‌چه‌ڵه‌كى دارێكی كوردیان راگرتووه كه له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكه‌وه له كوردییه‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌كى توركى و ئیتاڵى گۆڕدرابوو.
داره‌كه له جۆرى گێوژ (گۆیژ)ه یه‌كێكه له‌و داره ره‌سه‌ن و خۆڕسكانه‌ى كه له‌گه‌ڵ داره‌كانى به‌ڕوو، مازوو و داره‌به‌ن و چه‌ندینی دیكه له ناو سروشتى هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
به‌پێی گرته ڤیدیۆیه‌ك كه ده‌ست 964 كه‌وتووه، چه‌ند هاوڵاتییه‌كى گوندى گه‌ره‌وان له سنوورى رواندز له رێگه‌ى موتربه‌كردنه‌وه ره‌گه‌زى دارى گێوژ (گۆیژ)ه‌كه‌یان بۆ توركى و ئیتاڵى گۆڕیوه و به‌پێی یاسای دارستانیش ئه‌م كاره سزاى له‌سه‌ره.
سلێمانى عه‌بدوڵا، به‌رپرسی هۆبه‌ى دارستان و پاوانى رواندز، كه ئه‌م هه‌واڵه‌ى له‌رێگه‌ى 964ـه‌وه زانى، راگه‌یاند، ئه‌وه‌ى له‌و گونده كراوه بێ پرسی ئه‌وان كراوه و ئه‌م كاره رێگه‌پێدراو نییه.
وتیشی “دواى ئاگاداركردنه‌وه‌ى سه‌رووى خۆمان، بڕیاردرا ئه‌و كاره له‌و گونده رابگیریێت و له دووباره‌بوونه‌وه‌شى سزاى توندى ئه‌و كه‌سانه ده‌درێت”.
لایخۆشیه‌وه هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى سۆران، بۆ 964 دووپاتیكرده‌وه كه ئه‌وه‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه كردوویانه، سزاى له‌سه‌ره.
وتیشی “به‌پێی یاسای پاراستنى دارستان و پاوان به ژماره 10ـى ساڵى 2012 موتربه‌كردن و گۆڕینى ره‌چه‌ڵكى دارى دارستانه‌كان رێگه‌پێدراو نییه”.
به‌پێی ماده‌ى چواره‌مى ئه‌م یاسایه، له خاڵى سێیه‌میدا هاتووه،هه‌ڵپاچین یان قه‌ڵه‌مكردنى دارودره‌ختى دراستانه‌كان یان بڕینه‌وه‌ى كه ببێته هۆى زیانگه‌یاندن و شێواندنى، سزاى زیدانیكردن یان پێبژاركردنى له‌سه‌ره.
له‌به‌شی دووه‌م له ئامانجه‌كانى ئه‌م یاسایه‌ش هاتووه، كه پاراستنى جۆرى خۆڕسك له رووه‌كه‌كان و هێشتنه‌وه‌ى خۆڕسكه ره‌چه‌ڵه‌كداره‌كان له كوردستاندا.
تێبینی: ڤیدیۆی كاتى گۆڕینى ره‌چه‌ڵه‌كى داره‌كه لای 964 پارێزراوه، به‌وپێیه‌ى له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دارستان و پاوانى هه‌ولێره‌وه ئەم كاره به هاوڵاتیانى گونده‌كه راگیراوه و به‌هۆى ئه‌وه‌ش كه ڤیدیۆكه هاندانى خه‌ڵكی تێدایه كه هه‌مان كارى ئه‌وان دووباره بكه‌نه‌وه، بۆ 964 به‌پێویستى زانى ڤیدیۆكه لاى خۆى بپارێزێت و بڵاوی نه‌كاته‌وه.