لە مانگی رەمەزاندا
لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە 731 سەردانیان کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە لە مانگی رەمەزاندا 731 سەردانیان بۆ دوکان و شوێنە بازرگانییەکان کردووە و دوو تۆن و 135 کیلۆ خۆراک و مادەی خراپ و بەسەرچوویان لەناوبردووە.
964 لە قایمقامیەتی رانیەوە دەزانێت، 157 شوێنکار ئاگادار کراونەتەوە پابەندی رێنماییەکان بن، 15 شوێن داخراون و ٢٢ شوێنیش سزای مادی دراون.
حوسێن محەمەد، قایمقامی رانیە بە 964ـی وت، “ئەو خواردنانەی لەناوبراون بریتی بوون لە گۆشت، خورما، شیرینی، میوە، پەنیر، چووکلێت، چەرەس و شەربەت”.
وتیشی، “لیژنەکانیان بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام و لە شەوانیشدا لەو مانگەدا چاودێریی وردی بازاڕیان کردووە و نەیانهێشتووە قۆرخکاری لە نرخدا رووبدات و خواردن و مادەی خراپبوو و بەسەرچووش بدەن بە هاوڵاتیان”.
قایمقامی رانیە هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و لە هەر شوێنێک سەرپێچی بوونی هەبێت ئیجرائاتی پێویست و یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.