سەوزى دەکەن

خۆبەخشانی قەسرێ لە دەروازەی شارەکەیان دار دەچێنن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

چەند خۆبەخشێک لە ناحیەی قەسرێ 50 داری توویان چاند و بە نیازن لە داهاتوودا 50 داری تریش بچێنن.

خۆبەخشەکان 33 داریان لە دەروازەی شارەکە چاندووە، 17 دارەکەى تریشیان لە قەبرستانی “بەری مەیدان”ـى ناحیەکە چاندووە.

وەستا حاجی قەسرەیی، کە سەرپەرشتی کارەکەی کردوە، بە 964ـی وت نیازمان وابوو 100 دار لە دەروازەی قەسرێ بچێنین، بەڵام بەهۆى ئەوەى تێچوەکەی زۆر بوو، نەمانتوانی هەموویان بە یەکەوە بچێنین لە داهاتوو داری زیاتر دەچێنین.

ئەو خۆبەخشانە نەمامەکانیان تەلبەند کردووە، بۆ ئەوەى پارێزراوبن لە ئاژەڵان، بڕیاریشە بۆ وەرزى گەرما ئاو بۆ دارەکان دابین بکەن.

بە پێی قسەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکە، هەر دارێک 25 هەزار دیناری تێچووە، پارەکەش لەلایەن خەڵکی خێرخوازی ناحیەکە دابین کراوە.

ناحیەی قەسرێ گەورەترین ناحیەی باڵەکایەتییە کە سەر بە قەزای چۆمانە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژماری دانیشتووانی نزیکەی نۆ هەزار کەسە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

 گەنجانی گوندى ئێنێ رێگاى گوندەکەیان سەوز دەکەن

 گەنجانی گوندى ئێنێ رێگاى گوندەکەیان سەوز دەکەن