دوای زیاتر لە کاتژمێرێک
ئاگری کۆگاکەی هەولێر کۆنتڕۆڵکرا
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەرگری شارستانی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، ئاگری کۆگای بەنزیخانەی کۆچەر کۆنتڕۆڵکراوە و ئێستا لە قۆناغی ساردکردنەوەن.
کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی راگەیاند، حەوت تیمی بەرگری شارستانی لەشوێنی رووداوەکەن و دوو ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژێنەوەی وێستگەی کارەبای هەولێریش هاتوون بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی بەرگری شارستانی.
هێشتا زیانەکان نەزانراون، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش دیار نییە، ئەمەش کاروان میراودەلی وای وت.
بەگوێرەی ئەو زانیاریەی بە 964 دراوە، سێ ساڵ لەمەوبەر بەهەمان شێوە ئەو کۆگایە ئاگری گرتووە و ئەو کاتە شۆفێری بارهەڵگرێکی سوتەمەنی گیانی لەدەستدابوو.
کۆگای بەنزیخانەی کۆچەر دەکەوێتە نزیک وێستگەی کارەبای هەولێر، لەرێگای گوندی پیرداود بۆ مەخمور.