هاندەرانی دهۆک. وێنە:964
یانەکەیان لە قەیران رزگار دەکەن
هاندەرانى دهۆک بەبێ ئەوە بچنە یاریگا بلیت دەکڕن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
هاندەرانى دهۆک، بە کڕینى بلیتى یارییەکانى یانەکەیان هاوکارى یانەکەیان دەکەن ئەوەش وەک پاڵپشتییەکى دارایى بۆ ئەو سزا قورسەى بەهۆى هاندەرانەوە بەسەر یانەى یانەکەیاندا سەپێنرا.
دواى ئەوەى لەلایەن فیدراسیۆنى تۆپى پێى عێراق، یانەى دهۆک بە بڕى 50 ملیۆن دینار سزادرا، هاندەرانى یانەکە دەستپێشخەرییەکیان راگەیاند و بڕیاریانداوە بلیتى یارییەکانى یانەکەیان بکڕن.
هاندەران لەو رێگەیەوە مەبەستیانە، بارى سەرشانى یانەکەیان سوک بکەن و قەرەبووى یانەکە بکەنەوە لەو سزایەى بەهۆى گرژى و ئاڵۆزى هاندەرەکانییەوە بەسەریدا سەپێنراوە.
کاران دوسکی، یەکێک لە هاندەرە دیارەکانى یانەی دهۆک و هاوکاری سەرۆکی هاندەرانی یانەکە بە 964ـى وت،”ئەم هەنگاوەمان بۆ ئەوەیە سزای سەپاندووی سەر یانەکەمان کەم بکەینەوە، چونکە ئەم بلیتانە تەنیا هاندەرانى ناو سەنتەرى دهۆک نایکڕن، بەڵکو هاندەرانى دەرەوەى دهۆک و ئەوانەشى لە ئەورووپا و وڵاتانى تریشن دەیکڕن”.
ئەمە دووەم جارە یانەی دهۆک لەخولی ئەستێرەکانی عێراق لەلایەن فیدراسیونی توپی پێی عراقییەوە سزادەدرێت، پێشتریش یانەکە بە بڕێک پارە سزادرا و مەحکومیشکرا بە ئەنجامدانى یارییەک لە دەرەوەى یاریگاى خۆى.
بەهۆى دروستبوونى گرژى و ئاڵۆزى لە یارییەکەى نێوان دهۆک و قوەى جەویە کە لە ناو یاریگاى دهۆک ئەنجامدرا، لەلایەن فیدراسیۆنى تۆپى پێى عیراقەوە دهۆک بە 50 ملیۆن دینار، سزادرا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح