لۆگۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم
وەزارەتی شارەوانی بڕیاریدا
لە ئەمڕۆوە هاوڵاتییان بەڕێژەی 20% کرێ و قەرزی ئاو کەمتر دەدەن
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە لێخۆشبوون بەڕێژەی 20% لە قەرزی ئاو و چەند بابەتێکی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی شارەوانی بڵاوکردوەتەوە تیایدا هاتووە لەمڕۆوە 8.4.2024 بڕیارەکەی حکومەت لەبارەی لێخۆشبوون بەڕێژەی 20% لە (کرێ و قەرز) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نوسراوەکە دوو خاڵی تێدایە، خاڵی یەکەم لێخۆشبوونەکە بەمجۆرەیە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكوو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە، بەڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم بە 964ی راگەیاند، پێشوتر بڕیاری لێخۆشبوونی %15ی قەرزی ئاو هەبوو بەڵام لە 10.3ی ئەمساڵ کۆتایی هاتووە، بۆیە ئەم لێخۆشبوونە تەنیا بەڕێژەی 20% دەبێت و بڕیارەکەی پێشوو راوەستاوە.
نوسراوەکەی وەزارەت، ئاراستەی هەریەکە لە دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپوور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە و داوا دەكات لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوون دەکرێت.