هارى کەین

چیرۆکى بەدبەخترین یاریزانى تۆپى پێ

964+

وریا فەتاح

زۆرن ئەو یاریزانانەى لە ژیانى یاریکردنیاندا ئەنجامەکانیان هاوشانى ئاستە بەرزەکەیان نەبووە، بەڵام رەنگە بۆ هارى کەین خراپترین بێت، چونکە سەرەڕاى ئەوەى یەکێکە لە نمونەیى ترین یاریزانەکانى تۆپى پێ، بەڵام نەیتوانیوە هیچ نازناوێک بباتەوە.

رەنگە چیرۆکى شازادە لە لەندەنەوە دەستپێبکات، کاتێک لە مانگى نیسانى 2014 یەکەم تاقیکردنەوەى لەگەڵ تۆتنهام لە پریمەرلیگ دەستپێکرد.

لە وەرزی 2014-2015 ماوریسیۆ پۆچیتینۆ پۆستی راهێنەری یانەی سپێرزی ئینگلیزی وەرگرت، کەین جێگەیەکی لە پێکهاتەی سەرەکی تۆتنهام مسۆگەر کرد، هەروەها دەستیکرد بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێی مێژوو.

کەین 7 جار خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی پریمەرلیگی بەدەستهێنا، 6 جار لە تیپی باشترین یاریزانی پریمەرلیگ بوو (لەلایەن کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانەوە هەڵبژێردرا)، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی لە پریمەرلیگی پێبەخشرا.

لەماوەى یاریکردنى لە پریمەرلیگ، هارى 3 جار بوو بە گۆڵکارى پریمەرلیگ و پێڵاوى ئاڵتونى وەرگرت، خەڵاتى باشترین یاریزانى پریمەرلیگى وەرزى 2020 بۆ 2021ـى بردەوە.

ئەو کوڕە بە تۆمارکردنى 280 گۆڵ، بوو بە گۆڵکارى هەموو سەردەمەکانى یانە ئینگلیزییەکە و ژمارەیى پێوانەیى بەناوى ئەوەوەیە.

سەرەڕاى هەموو ئەو مێژوو و ئاستبەرزییە، بەڵام کەین نەیتوانى هیچ نازناوێک لەگەڵ یانە لەندەنییەکە بباتەوە، تەنانەت باشترین دەستکەوتى لە پریمەرلیگ دووەم بوونى بوو لە وەرزى 2016 بۆ 2017، لە چەندین یارى کۆتایى دۆڕاندویەتى کاریگەرترینیان یارى کۆتایى چامپۆنس لیگى 2018 بۆ 2019 بوو.

هەموو ئەو هەوڵ و کۆششانە تاقەت و برستى لە کەین بڕى، هەر بۆیە بڕیاریدا هەوارگەى یاریکردنى لە لەندەنەوە بەرەو میونشن بگوازێتەوە و چووە یانەى بایرن، بەو هیوایەى لەپاڵ نازناوەکانى ئەو یانەیەدا ناوى خۆى بنوسێتەوە.

هاوینى رابردوو کەین بە گرانترین گرێبەستى مێژووى یانە باڤارییەکە و بە 100 ملیۆن چووە بایرن، بەڵام نەهامەتى و بەدبەختییەکە نەک لە کۆڵ هارى نەبووەوە، بەڵکو بەدبەختییەکەى توشى یانە باڤارییەکە کرد، چونکە لەم وەرزەدا جگە لەوەى لە 28 هەفتەدا 32 گۆڵى تۆمار کردووە و ئاستێکى بێ وێنەى پێشکەش کردووە، بەڵام بایرن بە جیاوازى 16 خاڵ کەوتووەتە دواى لیڤەرکوزن و بە ئەگەرێکى زۆرەوە نازناوەکەى لەدەستداوە.

جگە لەوە بایرن لەم وەرزەدا جامى سوپەرى ئەڵمانیاى بە لایپیزیگ دۆڕاندووە.

تاکە پاڵەوانێتی کەین لەم وەرزەدا چامپیۆنزلیگە، کە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی ئارسناڵ دەبنەوە، بەڵام بەهێزى ئارسیناڵ و رێگاى گەیشتن بە یارى کۆتایى پێناچێت بایرن بکات بە خاوەنى نازناوەکە.

بایرن میونشن لە دوای (2011-2012) وەرزێکی سفری نەبووە، بەڵام پێدەچێت دوای هاتنی هاری کەین بە دەستى خاڵى کۆتایى بەم وەرزە بهێنێت.

بایرن میونشن له‌ چامپیۆنزلیگ سزادرا

بایرن میونشن له‌ چامپیۆنزلیگ سزادرا