"ئەوەی هەیە گۆڕەپانێکە"

ئیدارەی سۆران بێ تێرمیناڵە

964+

ئاکام غەفور – سۆران

ئیدارەی سۆران تا ئێستا تێرمیناڵێکی مۆدێرنی نییە، لەکاتێکدا ئیدارەکە شەش قەزا و دوو دەروازەی نێودەوڵەتیی لەسەرە.

ئەوەی کە هەیە لە ناوەندی ئیدارەکە گەراجێکی کۆنە و تەنیا گۆڕەپانێکە و ئۆتۆمبێلەکان تێیدا دەوەستن.

بارزان میر عەلی، بەڕێوبەری گواستنەوەی سۆران بە 964ـی وت، نەبوونی تەرمیناڵێکی مۆدێرن گرفتە لە شارەکە، ئەوەی ئێستا هەیە لە گۆڕەپانێک زیاتر نییە”.

وتیشی، دیزاینی دروستکردنی تەرمیناڵێک لە سۆران تەواو کراوە، بەڵام تاکو ئێستا شوێنەکەی دیاری نەکراوە، یان لە رۆژئاوای شارەکە دروست دەکرێت یان هەر لە شوێنی گەراجی ئێستا دروستی دەکەین”.

ئیدارەی سۆران شوێنێکی گرینگە لە رووی بازرگانی و گەشتیاری، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئێران و دەروازەی زێت لە سنووری تورکیا دەکەونە ئەو ئیدارەیە، ئەوەش وادەکات بەردەوام گەشتیارێکی زۆر سەردانی شارەکە بکەن و نەبوونی تەرمیناڵێکی مۆدێرن بۆ گەشتیارانیش بووە بە کێشە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شەش قەزا و 13 ناحیە و نزیکە 800 گوند پێک دێت، دانیشتوانی ئیدارەکە نزیکەی 400 هەزار کەسن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

ئیدارەی سۆران: مامەڵەکردن بە زەوی بەدەر لە یاسا قەدەغە...

ئیدارەی سۆران: مامەڵەکردن بە زەوی بەدەر لە یاسا قەدەغەیە