شەقامێکی دیکەی 100 مەتری لە هەولێر دروستدەکرێت

964+ هێمن بەکر – هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، بەردی بناغه‌ بۆ دروستکردنی شەقامێکی دیکەی 100 مەتری لە هەولێر دانرا، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان گەڕەکه‌كانی پێنج و هەشتی حەسارۆک. ئەو شەقامە بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێدەکرێت. لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا و لە شوێنی بەردی بناغەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، قۆناغی یەکەمی ئەو شەقامە دوو کیلۆمەتر دەبێت و لە رێگەی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات و سەر بە شارەوانی چواری هەولێرە، هەروەها 175 رۆژ دانراوە بۆ تەواوکردنی. وتیشی”دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک لە شەقامەکە سودی لێ وەردەگرن و قەرەباڵغی رێگای کۆڕنیش کەمدەکاتەوە”. 964+ دەزانێت، ئەو شەقامە دوو سایدە، بەڵام لە قۆناغی یەکەمیدا تەنیا یەک سایدیان دروستدەکرێت، تاوەکو ئێستا کاتی قۆناغی دووەم دیارینەکراوە.