نموونەی کێڵگەیەکی گەنم
964 هۆکارەکەی روونکردووەتەوە
بۆچی کێڵگەی گەنمی هەندێ جوتیار زەرد و لاواز دەردەکەوێت؟
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی زانیارییەکانی پسپۆڕێکی کشتوکاڵی، کەشوهەوای ئەمساڵ بۆ گەنم گونجاو و لەبار نەبووە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بە زەرد و لاواز دەرکەوتنی گەنمی هەندێ لە جوتیارەکان.
چاندنی گەنم بە زۆری لە مانگی 11ـدا دەستپێدەکات تا نزیکی مانگی 12، بەپێی بارانی پەڵەی ناوچەکان و خۆ ئامادەکردنی جوتیاران کاتی چاندنەکان دەگۆڕێت، گەنم لە دوای چاندنی و پاشان هەڵمژینی بڕی پێویست لە شێ لەناو خاکدا، راستەوخۆ تۆو دەستدەکات بەتەقین واتە لە پاش گونجاندنی کەشوهەوا و پلەی گەرمیی گونجاو وردە وردە بەشی سەوزی گەشە دەکات و لەسەر رووی زەوی دەردەکەوێت.
ئەریڤان جەمال، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بەرهەمە دانەوێڵەییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ لە هەرێم قۆناغی Vernalizationـی گەنم رووی نەدا، کە لە کاتی پلەی بەستن بەسەر گەنمدا روودەدات و بە گشتی لەمانگی 12 تا کۆتایی مانگی یەک و جاروبار تا مانگی دووش بەردەوام دەبێت.
ئەو پسپۆڕە کشتوکاڵییە وتیشی، “کاتێک سەرما دەگاتە پلەی بەستن، بەشی سەرەوەی گەنم لە گەشە دەوەستێت، بەڵام رەگەکەی بەردەوام لە گەورەبوونی فراوانبووندایە و دەتوانێت خۆراکی باش و کانزاکان بۆ سەرەوەی رووەکەکە و باڵا و گوڵ و پڕکردنی دەنکەکانی دەداتێ.
بەوتەی ئەو، ئەمساڵ کەشێکی زۆر گونجاو نەبووە بۆ گەنم، چونکە لە دوای چاندن لە مانگی 12 و یەکدا کەشێکی بەهارە و پلەی گەرمیی بەرز وایکرد کە دیاردەی Vernalization روونەدات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئامادەنەبوونی ئەو قۆناغەی گەنم لەسەر داهاتووی بەروبوومی گەنم، ئەو ئەندازیارە وتی، “ئەمساڵ گەشەی بەشی دەرەوەی گەنم نەوەستا، کۆمەڵەی رەگ گەشەی نەکرد و خۆی فراوان نەکرد، واتە رەگێکی لاواز و باڵایەکی بەرز بەرهەم هات، یەکسەر رووەکەکان زەرد و لاواز دەرکەوتن، چونکە رەگێکی لاواز و بچووک ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو بەشە سەوزە گەورەیە بکات لەڕووی دابینکردنی خۆراکو کانزاکان”.
”ئەوە جگە لەوەی خراپیی بنەتۆی گەنم هۆکارێکی ترە بۆ اوازی و زەردبوونی گەنمی بەرهەمهاتووی جوتیاران”، ئەریڤان جەمال وای وت.