رێکارەکەی چۆنە؟

خوێندنی باڵا دووەم بڕیاری داشکاندنی کرێی خوێندنی دەرکرد


ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان فەرمانی وەزاری دووەمی، بۆ داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی خوێندکارانی ئێواران و پاراڵێڵ دەرکرد.

ئەم لێخۆشبوونە دەبێتە دووەم لێخۆشبوونی وەزارەتەکە لە کرێ خوێندنی خوێندکارانی، و پێشتر 40% داشکاندن لە کرێی خوێندن کراوە، بەم پێیەش کۆی داشکاندن دەبێتە 60%ی کۆی کرێی خوێندن.

لە بڕیارێکدا کە وێنەیەکی بە 964 گەیەندراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی وەزاری بڕیاریدا داشکاندن لە کرێی خوێندنی بەرایی پارالێڵ و ئێواران و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بکات.

داشکاندنی بڕی 20% لە کرێی خوێندنی ئێواران و پارالێڵ بۆ خوێندنی بەرایی و باڵا دەکرێت، لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پاڵپشت بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 27.3.2024 جارێکی تر بڕیاردرا بە داشکاندنی بڕی 20%ـی دیکە لەو پارەیەی کە لای خوێندکاران ماوە، جگە لە داشکاندنەکەی پێشتر.

بە گوێرە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بێت، ئەم داشکاندنە تەنیا ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە لە کۆی ئەو پارەیەی کە لەلای خوێندکاران ماوە و تاوەکو 5.5.3034 گشت ئەو پارەی ماوەتەوە دەبێت لەلایەن خوێندکارانەوە بە یەک قیست بدرێت.

دەقی بڕیارەکە:

+964صورة من منصة (شبكة):