داوای گواستنەوەیان دەکرێت

چەند محاویلەیەک مەترسییان بۆ چەند گەڕەکێکی زەڕایەن دروست کردووە

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی نزیکییان لە ماڵەکانەوە، نزیکەی 10 محاویلەی ناو ناحیەی زەڕایەن مەترسییان بۆ چەند گەڕەکێک دروست کردووە و داوای گواستنەوەیان دەکرێت.

بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سەیدسادقی کردووە.

ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بۆ 964ـی روونکردەوە، ئەو محاویلانە تەنیا پێنجیان دەتواندرێت بجوڵێندرێن، چونکە جوڵاندن و گواستنەوەی هەموویان هاوسەنگیی کارەبا و دابەشکردنی لەناو ناحیەکە تێکدەدات.

وتیشی، “داوامان کردووە ئەوانەی دەتواندرێت بگوازرێنەوە ئەنجام بدرێ، بەڵام پێویستی بە بوودجەیە، چونکە بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سەیدسادق پێیوتین، هەر محاویلەیەک بگوازرێتەوە دەبێت راستەوخۆ بە دانەیەکی نوێ بگۆڕدرێت”.

ناوەندی ناحیەکە نزیکەی پێنج هەزاری ماڵی تێدایە و سەر بە قەزای شارەزوورە.

“جگە لەو محاویلانە داوامان کرد هەندێ شەقاممان لەناو زەڕایەن بۆ رووناک بکەنەوە و بەڵێنی جێبەجێکردنیان داوە”، ئاوارە حەمەشەریف وای وت.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ محاویلەکان دەرخستەیەک ئامادە دەکەن و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سەیدسادقی دەکەن.

یەکێک لە پردەکانی ناو زەڕایەن چاک دەکرێت

یەکێک لە پردەکانی ناو زەڕایەن چاک دەکرێت